سەردێر

شێوازی پڕكردنەوەی ڤیزای لۆتەری بڵاوكرایەوە

خەڵك-
پڕكردنەوەی فۆرمی ڤیزای لۆتەریی ئەمریكا بۆ ساڵی 2024 دەستیپێكردووە و تاوەكو 08-11-2022 بەردەوام دەبێت.

كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر چەند ڕێنماییەكی بۆ پڕكردنەوەی ڤیزای لۆتەری بڵاوكردەوە، یەكێك لە ڕێنماییەكان ئەوەیە كە دوای ئەوەی دەست بە داخڵكردنی زانیارییەكانت دەكەیت، دەبێت لە ماوەی 60 خولەكدا تەواوی بكەیت، ئەگەر لەو ماوەیە زیاتر تێپەڕی، ئەوا  سفر دەبێتەوە و دەبێت دووبارە هەموو زانیارییەكان داخڵ بكەیتەوە.

دوای ئەوەی ناوەكەت تۆمار دەكەیت، ژمارەیەكی تایبەتیت پێدەگات كە پشتڕاستی ئەوە دەكاتەوە ناوەكەت تۆمار كراوە و پێی دەگوترێت ژمارەی پشتڕاستكردنەوە (Confirmation Number). ئەو ژمارەیە لای خۆت هەڵبگرە، چونكە دواتر بۆ زانینی ئەنجامەكە پێویستت دەبێت.

هەر كەسێك تەنیا یەكجار دەتوانێت فۆرمی ڤیزای لۆتەریی ئەمریكا پڕبكاتەوە، ئەگەر لە یەك جار زیاتر ناوێك تۆمار بكرێت، ئەوا مافی سودمەندبوونی لە پڕۆگرامەكە لەدەستدەدات.

ئەنجامەكە لە ئایاری ساڵی داهاتوو دەردەچێت. كونسوڵخانەی ئەمریكا داوا دەكات، لە هیچ بارودۆخێكدا بە ئیمەیڵ و تەلەفۆن و نامە ئەنجامەكەت پێناوترێت، بۆیە ئاگادار بن هەركات شتی وات بۆ هات، دەستبەجێ بلۆكی بكە.

لۆتەریی ئەمریكا جۆرێك ڤیزایە كە ساڵانە 50 هەزار كەس هەڕەمەكییانە لە هەموو وڵاتانەوە هەڵدەبژێردرێن و لەو رێگەیەوە دەتوانن بچنە ئەمریكا. پڕكردنەوەی فۆرمی ڤیزاكە تەنیا لە رێگەی ئۆنلاینەوە دەبێت و هەر فۆرمێك بەتەواوی پڕنەكرابێتەوە یان هەڵەی تێدا بێت، مافی بەشداریكردنی لە تیروپشك دەفەوتێت.

ساڵانە زیاتر لە 10 ملیۆن كەس ئەو فۆرمە پڕدەكاتەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژە بەوە دەدات، بۆ ساڵی 2021، 11 ملیۆن و 800 هەزار كەس فۆرمیان پڕكردووەتەوە و لەو ژمارەیە 50 هەزار كەس براوەی ڤیزاكە بوون.

لە ڕیگەی ئەم لینكەوە فۆڕمی داواكاری ڤیزای لۆتەری پڕ بكەرەوە