سەردێر

ئەندامێكی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ پشتیوانی ژینا قژی خۆی بڕی

خەڵك-

ئەندامێكی پەرلەمانی یەكێتیی ئەوروپا لە نێو پەرلەمانی ئەوروپادا دا قژی خۆی دەبڕێت و بە زمانی كوردی درووشمی: “ژن، ژیان، ئازادی” دەڵێتەوە.

عەبیر سەهلانی، سوێدی بە بنەچە عێراقی لەبەردەم ئەندامانی پەرلەمانی یەكێتیی ئەوروپا پاڵپشتیی خۆی بۆ خۆپێشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەربڕی و قژی خۆی بڕی و سەرزەنشتی پەرلەمانی ئەوروپا و سیاسەتمەدارانی ئەوروپای كرد كە مینجە مینج دەكەن و بە توندی دژ بە ئێران ناوەستنەوە.

سەهلانی دەڵێت : سێ هەفتەی بەردەوام لە بوێری پیشاندان لە لایەن ژنانی ئێرانەوە، ژنانی فارس و ئازاری و كورد باجێكی گەورە بە ژیانیان دەدەن بۆ ئازادی، وادیارە لای ئێوە بەو جۆرە نییە بەڕێز بۆرێل.

رووی دەمی لە جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا كرد، كە ئێستا ڕۆڵی نێوەندگێڕ لە نێوان ئێران و ئەمریكا دەبینێت بۆ زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی و ڕایگەیاند ” لە كۆبوونەوە گشتییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا ئەمەتان بە هەند وەرنەگرت و لە پشتی ژنانی ئێرانەوە نەوەستان ؟”

سەهلانی كە توڕەیی بە دەموچاویەوە دیار بوو بە دەنگێكی دلێر لە ناو هۆڵی پەرلەمانی ئەوروپادا هاواری كرد:“بەسە دەركردنی راگەیێندراو، بەسە لە ژێر لێوەوە رەخنەگرت، بەسە مینجە مینج، ئێستا كاتی قسەكردنە كاتی كردارە”.

نزیكەی سێ هەفتەیە لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران لە دژی مەرگی گوماناوی ژینا ئەمینی، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان بەردەوامە.

بەپێی دوایین راپۆرتی رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران، تاوەكو رۆژی 04-10-2022 لانیكەم 154 كەس گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیە 27 كەسیان خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانن.
سەرچاوە/نۆڕس پرێس