سەردێر

سەرۆكی حكومەتی هەرێم بڕیارێك لەبارەی كرێكارانەوە دەردەكات

خەڵك-
بەپێی بڕیاری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، دەبێت كۆمپانیاكان لانیكەم 75%ی هەلی كارەكانیان بۆ گەنجان و هاوڵاتیانی هەرێم بێت ، نابێت لە هیچ دۆخێكدا رێژەی كارمەندانی بیانی لە كۆمپانیاكاندا لە 25% زیاتر بێت.

لە نوسراوێكی حكومەتی هەرێمدا كە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لەسەرە هاتووە، دەبێت 75%ی دەرفەتەكانی كار لە هەر پڕۆژە و پیشەیەك لە هەرێم بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بێت، و نابێت بەكارخستنی كرێكاری بیانی لە هەر پڕۆژە و پیشەیەك لە بازاڕی كەرتی تایبەت لە ڕێژەی 25%ی ئەوانەی كاردەكەن لە پڕۆژەكە تێپەڕبكات.

لە نوسراوەكەدا باس لە ئەوەشكراوە، نابێت هیچ كارمەندێكی بیانی بخرێتەسەر كار ئەگەر رەزامەندی كاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی نەبێت، هەروەها گەنجانی بێكاری هەرێمی كوردستان لە پێشترن لە خەڵكی بیانیی بۆ بەدەستهێنانی دەرفەتی كار لە ناو هەرێم.

بەپێی بڕیارەكەی حكومەتی هەرێم، لەمەودوا نوسینگەكانی كار لەهەرێمی كوردستان كارادەكرێن كە سەر بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتین و گەنجانی بێكار دەتوانن سیڤی خۆیانی پێشكەش بكەن بۆ ئەوەی حكومەت كاریان بۆ بدۆزێتەوە، لە خاڵێكی دیكەی بڕیارەكەدا كارمەندانی بیانی پابەند دەكرێن بەوەی كارمەندانی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان فێری پیشەكانیان بكەن، ئەو بنەمایەش بە راهێنانی پیشەیی ناودەبرێت و وەزارەتی كار سەرپەرشتی دەكات.