سەردێر

گەورەترین ئاهەنگی مەولود لە هەولێر ساز دەكرێت

خەڵك-
بڕیارە لە شاری هەولێر لە یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) گەورەترین ئاهەنگی مەولود سازبكرێت.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە 8-10-2022، كە هاوكاتە لەگەڵ 12ی (ربیع الاول) و ڕۆژی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام محمد (د.خ) ئاهەنگ و مەراسیمێكی فراوان ساز بكرێت.

ڕاشیگەیاند، ئاهەنگەكە لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە سەرپەرشتی دەكرێت و تێیدا چەندین سروود و گۆرانی و مەراسیمی ئایینی تێدا دەبێت.

وتیشی، “ئاهەنگی یادی لەدایكبوونی فەخری كائینات بەشێوەیەكی شایستە سازدەكرێت و ئامادەكاری تەواوی بۆ كراوە”.

لە ئەمڕۆوە چوار شەممە، ئامادەكاری لە بەردەم قەڵای هەولێر دەكرێت بۆ ئەنجامدانی ئاهەنگی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەر (محمد- د.خ) و نا بازاڕ دەڕازێنرێتەوە و چەندین جۆر خواردن و شیرینی پێشكەشی هاووڵاتیان دەكرێت.

پێغەمبەری ئیسلام محمد (د.خ) ناوی تەواوی محمد كوڕی عەبدوڵڵا كوڕی عەبدوللەتیف-ە و لە ساڵی (فیل) لەدایكبووە، كە دەكاتە 53 ساڵ پێش ساڵی كۆچی و ساڵی 571ی زایینی و كاتێك لەدایك بووە باوكی كۆچی دوایی كردووە و هەر بە منداڵیش دایكی (خاتوو ئامینە) كۆچی دوایی كردووە و براوەتە لای باپیری (عوبدولموتەلیب) و دوای كۆچی دوایی ئەویش مامی (ئەبو تاڵیب) گرتویەتیە خۆی و بەخێوی كردووە.

پێغەمبەر (د.خ) لە تەمەنی 25 ساڵیدا هاوسەرگیری كردووە لەگەڵ خاتوو (خەدیجە) و لە تەمەنی 40 ساڵیدا وەحی بۆ دابەزیوە و پەیامی پێغەمبەرایەتی پێ بەخشراوە و بۆ ماوەی 3 ساڵ بەنهێنی بانگەوازی كردووە.