سەردێر

ئاسایشی نیشتمانی؛ شكستیان بە هەوڵی بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەكان هێنا

خەڵك –
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هێزەكانیان لە حەوت پارێزگا شكستیان بە هەوڵێك بۆ قاچاخبردنی بەرهەمە نەوتیەكان هێناوە، 34 تۆمەتباریش دەستگیركراون.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە راگەیەندراوێكی بڵاویكردەوە، لەچوارچێوەی زنجیرەیەك هەڵكوتانە سەر و دانانی بۆسەدا، هێزەكانیان توانیویانە بە قاچاخكردنی نزیكەی 763 هەزار لیتر لە بەرهەمە نەوتیەكان پوچەڵ بكەنەوە.

ڕاشیگەیاندووە، پرۆسەكان لە هەریەك لە پارێزگاكانی (بەغدا – دیالە – كەركوك – نەینەوا – ئەنبار – قادسیە – بەسڕە) ئەنجامدراون، دەستیش بەسەر 10 خەزانی هەڵگرتنی بەرهەمە نەوتیەكان گیراوە.

ئاشكراشیكردووە، ئۆپەراسیۆنەكان بوونەتە هۆی”دەستگیركردنی 34 تۆمەتبار و دەستبەسەرداگرتنی 30 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، لەگەڵ داخستنی بەنزینخانەیەك، سەپاندنی غەرامەكردن بەسەر نۆ وێستگەی دیكەدا بەهۆی پێشێلكردنی سیستمەكانی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتیەكان.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لە ئۆپراسیۆنەكەدا سەرجەم ئەو كەلوپەل و ماددانەی دەستیان بەسەردا گیراوە لەگەڵ تۆمەتبارەكان ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كراون بۆ گرتنەبەری رێكارە یاساییەكان.