سەردێر

دابەشكردنی مووچەی مانگی 9 پێشناخرێت

خەڵك-

سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشكرای دەكات، “دابەشكردنی مووچەی مانگی 9 دەكەوێت سەرەتای مانگی 10” و بەوەش دابەشكردنی مووچە پێش ناخرێت بۆ 25ی مانگ وەك حكومەتی هەرێم چەند جارێك بەڵێنی دابوو.

میدیای فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان لە زاری سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی-ەوە بڵاویكردەوە، دابەشكردنی موچەی مانگی 9 دەكەوێته سەرەتای مانگی (10)ەوە و وتویەتی، “ئێستا داهاتی نەوت نزیكەی 500 ملیۆن دۆلارە، كە ئەم پارەیە لەچاو مانگەكانی سێ و چوار زۆر زیاترە، چونكە پێشتر 380 ملیۆن دۆلار دابین دەكرا.

ڕاشیگەیاندووە، سیاسەتی وەزارەتی دارایی وایە ئەو پێنج بۆ شەش ڕۆژەی، كە جیاوازی هەیە مووچە لە سەرەتای مانگدا دابەشدەكرێت بۆ كۆكردنەوەی داهاتی سلێمانییە.

پێشتر سەرچاوەیەكی ژمێریاری لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەپێی بڕیاری وەزارەتی دارایی دەبێت تا 20ی مانگ فەرمانگەكان لیستی مووچە ئامادە بكەن و ڕۆژانی 21 بۆ 23ی مانگ وردبینی لە لیستی مووچە دەكرێت لەلایەن گەنجینەكانەوە.

سەرچاوەكە وتیشی، “هەر كات فەرمانی دابەشكردنی مووچە درا و خشتە ڕاگەیەنرا، دەست دەكرێت بە دابەشكردنی مووچە”.

چەندین جار حكومەتی هەرێم بەڵێنی داوە دابەشكردنی مووچە ئاسایی بكاتەوە و مانگانە لە 25ی مانگەوە دەست بە دابەشكردنی بكرێت دوای ئەوەی چەند مانگێكی سەرەتای ئەمساڵ لە 10 مانگی داهاتووەوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی پێشوو دەكرا، بەڵام دواتر كاتی دابەشكردنی گۆڕا بۆ 1ی مانگ و لە 22ی مانگ كۆتایی پێ‌ دەهێنرێت.

لە ئێستادا بەهای 100 دۆلار لە بازاڕدا بە نزیكەی 148 هەزار دینارە و ئەو 500 ملیۆن دۆلارەش نزیكەی 740 میار دینار دەكات و بەوەش نزیكەی 160 ملیار دیناری لە داهاتی ناوخۆ پێویستە بۆ دابەشكردنی مووچە بەو پێیەی بەرپرسانی هەرێم دەڵێن مانگانە بۆ دابەشكردنی مووچە پێویستاین بە “900 ملیار دینارە”.