سەردێر

بەبەشداری هەزاران کەس تاقیکردنەوەی سورەتی مولک ئەنجامدرا

خەڵك
ئەمڕۆ بەبەشداری سێ هەزار و ٣٠٠ فێرخواز تاقیکردنەوەی سورەتی مولک لە قورئانی پیرۆز ئەنجامدرا، بچوکترین بەشداربوو تەمەنی نۆ ساڵە.
لە چوارچێوەی پڕۆژەی “ڕێگای ئازیزمان” لەلایەن ناوەندی ڕابوون بۆ فێرکردنی قورئان و ئاکارە بەرزەکان تاقیکردنەوە بۆ لەبەرکردنی سورەتی مولک لە قورئانی پیرۆز ئەنجامدرا.
تاقیکردنەوەکە لە یاریگای ئاشتی لە شاری سلێمانی بە بەشداری سێ هەزار و ٣٠٠ کەس ئەنجامدرا، کە سێ لەسەر چواری بەشداربوون ژن بوون، لە سەرجەم تەمەنە جیاوازەکان بەشداربوون، بچوکترین بەشداربوو تەمەنی نۆ ساڵە.
قاسم فەقێ ڕەحیم، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ڕێگای ئازیزمان بە (خەڵک) ڕاگەیاند، سەرەتا بڕیاربوو تەنها بۆ گەڕەکێک بووە، بەڵام دواتر بەهۆی زۆربوونی ژمارەی بەشداربوان بڕیاریانداوە پڕۆژەکەیان فراوان بکەن.
بەشداربوان وەڵامی پرسیارەکانیان دەدایەوە، هەوڵی زۆریان دەدا تا بتوانن ببنە یەکەم، جگە لە سورەتەکە بەشداربوان دەبێت ڕاڤەی سورەتەکەشتیان لەبەربێت.
سورەتی مولک، سورەتی ژمارە ٦٧ لە قورئانی پیرۆز، لە ٣٠ ئایەت پێکهاتووە، بەپێی فەرموودەکانی پێغەمبەر محەمەد درووی خوای لەسەربێت سونەتە شەوان پێش خەوتن بخوێندرێت.