سەردێر

بەگوژمەی 300 ملیۆن دۆلار پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی قورسی هەولێر جێبەجێ دەكرێت

خەڵك –
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت، بە گوژمەی 300 ملیۆن دۆلار پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی قورسی هەولێر جێبەجێ دەكرێت،كە بە درێژیی 75 كیلۆمەتر ئاوەڕۆیەو بە سێ قۆناغ تەواو دەبێت، ئەو ئاوەی كە لە ماڵان بەفیڕۆ دەچێت جارێكی دیكە خاوێن دەكرێتەوە.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویكردەوە ، بەمەبەستی چارەسەركردنی گرفتی ئاوی قورسی شاری هەولێر پرۆژەكە جێبەجێ دەكرێت كە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی شاری ھەولێر و بە سێ قۆناغ تەواو دەبێت، ئەو ئاوەی كە لە ماڵان بەفیڕۆ دەچێت جارێكی دیكە خاوێن دەكرێتەوە و بەكار دەهێندرێت بۆ پارك و باخچەكان و ئاوەڕۆكانیش بە شێوەیەكی سەردەمی دروست دەكرێن و سوودێكی زۆری دەبێت.

ئەوەشخراوەتەڕوو، كە گوژمەی پرۆژەكە 300 ملیۆن دۆلارە و لەسەر قەرزی وڵاتی ژاپۆنە، سەرەتا یەك لەسەر ھەشتی جێبەجێ دەكرێت، كە 75 كیلۆمەتر ئاوەڕۆیە و یەك لەسەر ھەشتی وێستگەی خاوێنكردنەوەی ئاوەكەیە كە پێی دەگوترێت پڕۆژەی ئاوی قورسی ھەولێر.

ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە پرۆژەكە ڕایگەیاندووە، پڕۆژەكە بە سێ قۆناغ تەواو دەبێت و ئێستا تەنیا پارە بۆ قۆناغی یەكەم دابینكراوە و تەنیا ماوە دەست بە جێبەجێكردنی بكرێت، قۆناغی دووەمیش 400 كیلۆمەتر ئاوەڕۆیە، لەكاتی دەستبەكاربوونی پڕۆژەكەشدا كرێكاری كوردیش سوودمەند دەبێت و دەتوانێت لە پڕۆژەكەدا كار بكات.