سەردێر

لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا نزیكەی 4 هەزار حاڵەتی هاوسەرگیری ژنی دووەم تۆماركراون

خەڵك-
دەسەڵاتی دادوەریی عيراق، تۆماركردنی 3961 حاڵەتی هاوسەرگیریی بۆ ژنی دووەم لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2022 ڕادەگەیەنێت، پارێزگای نەینەواش لەو بارەیەوە پێشەنگە.

بەپێی بەیاننامەیەك كە ئەمڕ‌وۆ پێنج شەممە لەلایەن ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەرییەوە بڵاوكرایەوە”دادگاكانی عیراق مامەڵەی 3961 مۆڵەتی هاوسەرگیرییان بۆ ژنی دووەم تەواوكردووە، وەك لە ئامارە فەرمییەكانی ئەنجومەنی باڵای دادوەریدا دەركەوتووە لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵ كە لە 16 دادگا جگە لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”دادگای نەینەوا لە پێشەنگی هەموو دادگاكانی عیراقدا بووە لە دەركردنی مۆڵەتی هاوسەرگریی بۆ ژنی دووەم، دوای ئەوەی مامەڵەكانی لەو بارەیەوە گەیشتە 618 مامەڵە، دادگای سەڵاحەدین لە پلەی دووەمدایە و 440 مامەڵەى هەبووە و دادگای بەسرە لە پلەی سێیەم بە 432 مامەڵە، لە پلەی كۆتاییشدا پارێزگای كەربەلا ناوی هاتووە كە تەنیا 74 مامەڵەی لەو ڕووەوە ڕایی كردووە”.

لەبارەی هۆكارەكانی پشت مارەكردن و پەنابردنە بەر ژنی دووەم، دادوەر ئەحمەد جاسب ساعدی، دادوەر لە دادگای باری كەسێتی لە بەغداد جدیدە ڕایگەیاندووە”ئەو هۆكارانەی وا لە پیاو دەكەن ژنی دووەم بهێنێت جیاوازن، هەیانە پەیوەندی بە ڕەوشی تەندروستی ژنی یەكەمەوە هەیە، یان پەیوەندی بە منداڵبوون، یان نەگونجان و خراپی جوتبوون و لایەنەكانی ترەوە هەیە”.

بە وتەی ئەو دادوەرە”هەندێك هۆكاری تر هەن كە وا لە مێرد دەكەن ژنی دووەم بهێنێت، لەوان خواستی هاوسەرگریی و توانای دارایی و جەستەیی”.