سەردێر

لەبارەی یاسای چاودێری ناکامەکان وەزارەتی داد رێنمایی نوێ‌ بڵاودەكاتەوە

بریكاری وەزارەتی داد وردەكارییەكان بۆ (خەڵك) باس دەكات

لەبارەی یاسای چاودێری ناکامەکان ، وەزارەتی داد رێنمایی نوێی بڵاوکردەوە

، شیلان عارف، بریکاری وەزیری داد لەبارەی ناوەڕۆکی ڕێنماییەکان بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئەو کەسانەی تەمەنیان لەخوار ١٨ ساڵە، لەگەڵ ئەوانەشی ١٨ ساڵ زیاترن بەڵام نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە یان حوکمدراون یاخود شوێن بزرن بەناکام هەژمار دەکرێن.

٭ناکام کێ دەگرێتەوە؟

شیلان عارف؛ ئەو کەسانەی تەمەنیان لەخوار ١٨ ساڵە، لەگەڵ ئەوانەشی ١٨ ساڵ زیاترن بەڵام نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە یان حوکمدراون یاخود شوێن بزرن بەناکام هەژمار دەکرێن، بۆیە ڕێنمایی ژمارە (1) ی ساڵی (2022) وەزارەتی داد، پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی کە پێیدراوە، و بەپێی ماددەی (105) لەیاسای چاودێری ناكامەكان ژمارە (78) ساڵی (1980 ) دەری کردوە.

٭ ڕێنماییەکان چین؟

شیلان عارف؛ دوای رەزامەندی فەرمانگەی چاودێری ناكامانی تایبەتمەند , سەرپەشتیاری ناكام دەتوانێ یەكەی نیشتەجێبوون بۆناكام بكڕێت ( شوققە یان خانوو ) كەدەكەونە چوار چێوەی یاسای وەبەر هێنان ژمارە (4 ) ساڵی ( 2006 ) بەسەربەخۆیی یان هاوبەشی لەگەڵ خوشك یان براكانی ناكام یان دایكی , بەمەرجێك بینایەكە تەواو و ئامادەكراو بێت بۆنیشتەجێبوون ، هەروەها پیویستە سەرپەرشتیاری ناكام ڕێكارەكانی تۆماركردن بەناوی ناكام لەفەرمانگەی تۆماركردنی خانووبەرەی تایبەتمەند تەواو بكات هەركاتێك لایەنی وەبەرهێن رایگەیاند كەئەو كۆمەڵگەی یەكەی نیشتەجێبوونەكەی تێدایە دەتوانن تۆماریان بكەن و خاوەندارێتی یەكە نیشتەجێبووەكان بگوازنەوە بۆكڕیارەكان ، وێنەیەك لەم رێنماییە هاوپێچی گرێبەستی كڕینی یەكەی نیشتەجێبوون دەكرێت سەرپەرشتیاری ناكام واژووی لەسەر دەكات .

٭ ووردەکاریەکانی جێبەجێ کردنی ڕێنماییەکانی چین؟

شیلان عارف؛یاسای ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٠٦ هەیە تایبەت بەوەبەرهێنان، کەوا سەرجەم چین و توێژەکان سوودمەندن لێی تەنها ناکامەکان نەبێت، بۆیە بیرمان کردەوە تاوەکو ناکامەکانیش سوودمەندبن لەم یاسایە، بۆیە وەزارەتی داد لەچوارچێوەی یاساکەد ڕێنمایی نوێی دەرکرد تاوەکو ناکام سوودی لێ ببینێت، بەهەندێ ڕێکار کە پێویستە سەرپەرشتیاری ناکام پێویستە جێبەجێی بکات، ئەویش ڕەزامەندی شوێنی پەیوەندیدار وەردەگرێت، پاشان نووسراوێک ئاڕاستەی فەرمانگەی تایبەت بەچاودێری ناکامەکان دەکات، ئەو کاتە دەتوانێت شووقە یان خانووێک بەتەنها بۆ ناکام یان بەهاوبەشی لەگەڵ خوشک و براکانیدا بکڕێت لەو شارانەی کە وەبەرهێنەرەکان درووستی دەکەن.

٭مەرجەکان چین؟

شیلان عارف؛دەبێت شووقەیەک یان یەکەیەکی نیشتەجێبوون بێت کەوا ناکامەکە تێیدا نیشتەجێ بێت، بەمەش سەرپەرشتیاری ناکام ناتوانێت شووقەیەک یان خانوێک بکڕێت کە پڕۆژەکە تەواو نەکرابێت، بەڵکو دەبێت لەو پڕۆژانە بێت کە تەواوکراون و دەتوانرێت تێیدا نیشتەجێ ببن، هەروەها لەگرێبەستەکە ناوی ناکامەکە هەبێت و بڕگەیەکیش زیاد دەکرێت هیچ کەسێک بەبێ ڕەزامەندی فەرمانگەی چاودێری ناکام مامەڵەی یاسایی بەو یەکەیە بکات یان ناوی خەڵکی تر لەگرێبەستەکە زیاد بکرێت، کاتی تاپۆکردنی خانووەکەش تۆماربکرێت بەناوی ناکامەکە،واتە بەبێ ڕەزامەندی فەرمانگەی چاودێری ناکام خاوەنداریەتی ئەو یەکەیە بۆ هیچ کەسێک ناگوازرێتەوە، ئەمەش بۆپاراستنی مافی ناکام، دەبێت ناوی ناكامی سەرپەرشتیكراو. لەناو گرێبەستی كڕینەكە هاتبێت لەلایەن وەبەرهێن یان خاوەن موڵكی یەكەی نیشتەجێبوونی فرۆشراو رێكخراوەو لەلایەن دەستەی وەبەرهێنان یان لقەكانی پەسەند كرابێت دەبێ ئەم رستەیە بنووسرێت (نابێ هیچ رەفتارێكی یاسایی لەسەربكرێت كەمافی لایەنێكی تر بخاتە سەر یەكەی نیشتەجێبوونەكە مەگەر بەرەزامەندی فەرمانگەی چاودێری ناكامانی تایبەتمەند ) .

٭ چۆن پارەی ناکامەکان دەپارێزرێت؟

بەیاسا پێشتر دیاری کرابوو کە پارەی ناکەم دەپارێزرێت لەلایەن فەرمانگەی تایبەتمەند. بەڵام درکمان بەوە کرد کە باشترە کەسی ناکام سوودمەند بێت و لەناو یەکەی نیشتەجێبوون نیشتەجێ بێت، لەوەی کرێچی بێت. ئەمەش خزمەتێکی گەورەیە ، ڕێنماییەکان بەپێی چاوەڕوانی هاوڵاتیانە و ئامانجمان سوود وەرگرتنی ناکامەکانە، دوای بڵاوبوونەوەی ڕێنماییەکانیش لەڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان دەچێتە بواری جێبەجێ کردن.