سەردێر

نەمسا بۆ یەكێتی ئەوروپا: نەخێر

پەیوەندی هەیە بە سزاكانی دژ بە ڕوسیا

خەڵك-
ئەلكسەندەر شاڵنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی بەشێوەیەكی ڕوون دەڵێت “نەخێر” بۆ سەپاندنی سزا بەسەر غازی هەناردەكراو لە ڕوسیاوە.

وەزیری دەرەوەی نەمسا ڕایگەیاند”ئەو سزایانەی لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە ئامادەكراون گشتگیرن، بەڵام هەندێكییان پێویستییان بە ڕوونكردنەوەیە، لە ڕابردوودا وتمان دەبێت لە پشت دەرگا داخراوەكانەوە بەشێوەیەكی گونجاو گفتووگۆ لەسەر توندكردنی سزاكان بكرێت، پشتمان بە شەش كۆمەڵە سزا بەست كە فراوانبوون، لەئێستاشدا دەتوانیین بیریان لێبكەینەوە و كەلێنەكان پڕبكەینەوە و هەندێك ڕوونكردنەوە و وردبینی پێشكەش بكەین، بەڵام سەبارەت بە هەنگاوەكانی تر، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە كەرتی وزە و غازەوە هەیە، زۆر بەڕوونی نەمسا دەڵێت: نەخێر”.

بە وتەی شاڵنبێرگ”دەبێت گرەنتی ئەوە بكەین كە پەلكێش نەكرێن بۆ جەنگ، چونكە تەكتیكەكانی یەكێتی ئەوروپا بەرامبەر بە ڕوسیا تائێستا ڕاستن، دەبێت بەوشێوەیە بەردەوامبین”.

پێشتر ڕ‌وۆژنامەی “پۆلیتیكۆ” لە زاری دیپلۆماتكارە ئەوروپاییەكانەوە بڵاویكردبۆوە، كۆمسیۆنی ئەوروپایی خۆی بۆ داڕشتنی سزای نوێ‌ لەدژی ڕوسیا ئامادە دەكات و ئەو پێشنیارەش لە سبەینێ‌ هەینی لەگەڵ نوێنەرانی هەمیشەیی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا تاوتوێ‌ دەكات.

بەر لەوە، جۆزیب بۆریڵ، سەرۆكی دیپلۆماتكارانی یەكێتی ئەوروپا، هەڕەشەی سەپاندنی سزای نوێی كردبوو دژ بە ڕوسیا، گەر ڕیفراندۆم لە دۆنباس و هەردوو ناوچەی زابۆرۆژیا و خێرسۆن بكات.