سەردێر

ڕاهێنەری بەڕازیل ستایشی نیمار دەكات

خەڵك-
تیتی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل، ستایشی نیمار جۆنیۆر ئەستێرەی یانەی پاریس سان جێرمان دەكات، بەهۆی ئەو ئاستەبەرزییەی لەم وەرزەدا دەیخاتەڕوو.

تۆڕی (گڵۆبۆ)ی بەڕازیلی لە زاری تیتییەوە بڵاویكردەوە:”پیرۆزبایی لە نیمار و ڕاهێنەرانی بەدەنی دەكەم بۆ ئەو دەستپێكە بەهێزەی لەم وەرزەدا بینرا، بە هەمان شێوە پیرۆزبایی لە یانەی پاریس سان جێرمان دەكەم”.

بە وتەی ڕاهێنەرەكەی بەڕازیل:”نیمار تا ئەوپەڕی پابەندی پیشەگەریی و خێراییە لە جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان و گەیشتن بەم ئاستە تەكنیكییە”.

لە كۆتایی قسەكانیدا لەو بارەیەوە تیتی ڕایگەیاند”نیمار ئەستێرەیەكی گەورەیە و پێویستە بە باشی چاودێری فاكتەریی خێراییەكەی بكرێت لە بڕیاردان و جێبەجێكردندا”.

نیمار لەم وەرزەدا باشترین دەستپێكی لەكاروانی یاریكردندا بەدیهێنا، بەو پێیەی تائێستا 11 گۆڵی تۆماركردووە و 8 گۆڵی بۆ هاوڕێكانی لە یەكەم 11 یاریی تیپە پاریسییەكە لە خولی فەرەنسا و ئەوروپادا دروستكردووە.