سەردێر

هاوپەیمانییەكەی مالیكی باسی چاوپێكەوتنەكەی حەنانە دەكات

لەگەڵ ڕەوتی سەدر حكومەت پێكدەهێنرێت

خەڵك-
عارف حەمامی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە لەلایەن نوری مالیكییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، باس لە چاوپێكەوتنی چاوەڕوانكراوی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە سیاسییەكانی تر دەكات كە بە وتەی ئەو”لە سۆنگەی هەستكردنە بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو”.

حەمامی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”چوارچێوەی هەماهەنگی لەڕێی ئەو چاوپێكەوتنەوە هەوڵ بۆ پتەوكردنی پەیوەندی نێوان فراكسیۆنە سیاسییەكان دەدات كە دەیانەوێت لەگەڵ ڕەوتی سەدر حكومەت پێكبهێنن”.

بە وتەی حەمامی”چوارچێوەی هەماهەنگی لەڕێی ئەو دەستپێشخەرییەوە، پەیامێكی ئەرێنی و دڵنیاكەرەوە دەنێرێت بۆ هەموو عیراقییەكان و نایەوێت بەدوور لە فراكسیۆنە سیاسییەكانی تر و لایەنە ناكۆكەكان حكومەت پێكبهێنێت”.

ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا دەڵێت”وادەی چاوپێكەوتنی هەموو لایەنەكان لە حەنانە لەڕێی وتوێژی نێوان سەركردەكانی هێزە سیاسییەكانەوە دیاریی دەكرێت كە لەپێناو پێكهێنانی حكومەتدا دەچنە حەنانە”.

پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی سیادە و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، دەستپێخەرییەكیان بۆ لایەنە سیاسییەكان پێشكەش كرد، لەپێناو دەرهێنانی عیراق لە حاڵەتی چەقبەستنی سیاسی، بڕیاریشە شاندێكی هاوبەشیان سەردانی موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر بكات.