سەردێر

ڕوونكردنەوەیەك لە سەرۆكی پەڕلەمانەوە

خەڵك-
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕوونكردنەوەیەك لەبارەی وتەكانی سەرۆكی پەڕلەمانەوە بڵاو دەكاتەوە كە تێیدا هاتووە، سەرۆكی پەڕلەمان لێدوانی بۆ هیچ دەزگایەكی ڕاگەیاندن نەداوە سەبارەت بە دیداری لەگەڵ بارزانی.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردەوە” به ‌هەموو لایەكی ڕادەگەیەنین كە د. ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لێدوانی بۆ هیچ دەزگایەكی ڕاگەیاندن نەداوە سەبارەت بە دیداری بەڕێزیان لەگەڵ بارزانی”.

ڕاشیگەیاند،” ئەوەی بە فەرمی بڵاوكراوەتەوە لە سایتی فەرمی پەرلەمان تەنیا ڕاگەیەندراومانە سەبارەت بە كۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٠٢٢/٩/٢١، بۆیە داوا لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەكەین پابەندی یاسا و ئیتیكی ڕۆژنامەوانی بن لە بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیارییەكانیان”.

ئەوە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ میدیای پارتی بڵاویكردەوە، دوێنێ چوارشەممە (22ـی ئەیلوولی 2022)، مەسعود بارزانی و رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە دیدارێكدا گفتوگۆیان لەبارەی پرسی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان كرد و بارزانی پاڵپشتی خۆی بۆ پەرلەمانی كوردستان و هەر هەوڵێكی زەمینەسازی و دروستكردنی یەكڕیزی بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان راگەیاند.

رێواز فایەق ئەمڕۆ لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، لەگەڵ بارزانی رێككەوتین نووسینەوەی دەستوور بە كۆدەنگی نیشتیمانی بێت.

سەبارەت بە خولی پێنجەمی پەرلەمان، رێواز فایەق ئاشكرایكرد، دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان بەردەوام دەبن و خولی پێنجەم درێژدەكرێتەوە.