سەردێر

خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەردەوامە

دواین زانیاریی لەبارەی ڕەوشی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان

خەڵك-

شەوی ڕابردوو لە بەشێكی دیاری شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران خۆپیشاندانی چڕ بەڕێوەچوو.

بەپێی زانیارییە تایبەتەكان، شەوی ڕابردوو لە سەردەشت، شنۆ، ورمێ، سەقز، سنە، دیواندەرە، مەهاباد، پاوە، كرماشان و ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەچەندین شێواز خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەردەوام بوو.

بەپێی زانیارییەكان لە دیواندەرە، سەقز، شنۆ، پاوە تێكهەڵچوون لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسدا ڕوویداوە و زانیاری هەیە كە دوو كەس كوژراون و دەیانی دیكەش بریندار بوون.

لەلایەكی دیكەوە لە بۆكان مەسعود كوردپوور سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵی موكریان نیوز لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركرا.

لەسەر ئاستی ئێرانیش لە تەبرێز، مەشهەد، تاران، زاهیدان، كرمان، ئەهواز و ناوچەكانی بەلووچەكان خۆپیشاندان بە چڕی دەستیپێكردووە و لە چەند شوێنێك پێكدادان لەنێوان پۆلیس و خۆپیشاندەراندا ڕوویداوە.

ئاژانسەكانی سەر بە حكومەتی ئێران بڵاویانكردووەتەوە، لە كرماشان و كرمان هێزە “دژە شۆڕشەكان” پەلاماری هێزە ئەمنییەكان و شوێنە حكومییەكانیان داوە و ژمارەیەك لە ئەندامانی هێزی ئەمنی دەوڵەت كوژراون و بریندار بوون.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش كاردانەوەكانی كوژرانی ژینا ئەمینی بەردەوامن، دوێنێ لە ئیستەنبوڵ خۆپیشاندان لە پێش كونسوڵخانەی ئێران بەڕێوەچوو.

بڕیاریشە لە چەند شاری دیكەی ئەوروپا لە بەریتانیا و دانيمارك و چەند شوێنی دیكە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەڕێوەبچێت.

لای خۆشیەوە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا پشتیوانی خۆی بۆ ناڕەزایەتییەكانی ئێران دەربڕی و ڕایگەیاند “پشتیوانی ژنە بوێرەكانی ئێران دەكەین لە ناڕەزایەتی دەربڕین”.

لەلایەكی ديكەوە ئیلۆن مەسك سەرمایەداری ئەمریكا پلانی هەیە ئینتەرنێتی فری بۆ سەرانسەری ئێران دابین بكات لە ڕێی مانگی دەستكردەوە، بۆ ئەوەش وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا مەسكی دەستكراوە كرد بۆ ئەو هەنگاوە، بەهۆكاری ئەوەی دابینكردنی ئینتەرنێتی فری بۆ گەلانی ئێران ناچێتە چوارچێوەی پێشێلكرانی سزاكانی سەر ئێرانەوە.

ئەمە لە حاڵێكدایە لەنێوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەزۆرێك لە ناوچەكان هێڵەكانی ئینتەرنێت بڕاون، یان خاوكراونەتەوە و سۆشیال میدیاكانی واتسئاپ و ئینستاگرام ڕاگیراون و بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن بەهۆكاری ئەمنی ئینتەرنێت ئاستەنگی بۆ دروستبووە.

لەلایەكی دیكەوە گرووپێك هێرشبەری سایبیری چەند ماڵپەڕێكی دامودەزگا حكومییەكانی ئێرانیان هاككردووە.

هاككەران ماڵپەڕی شارەوانی تارانیان لە شەوی ڕابردوودا هاككرد و وێنەی ژینا ئەمینیان لەسەر دانا.