سەردێر

سەرما دەستپێدەكات و تاوە بارانی بەخوڕ دەبارێت

خەڵك-
شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت، بەپێی دواین گۆرانكاری لە دۆخی كەشوهەوا ئەگەرەكانی بارانبارین زیاد دەبێت و دابەزینی بەرچاو لە پلەكانی گەرما ڕوودەدات و تتاوە باران ناوچە شاخاوییەكان دەگرێتەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سبەی پێنج شەممە ٢٢-٩-٢٠٢٢ باری ناسەقامگیری كەشوھەوا لەسەر ناوچەكانمان بەردەوامی ئەبێت و ئاسمانی ھەرێم بە زۆری بە نیمچە ھەور بۆ ھەوری تەواو ئەمێنێتەوە لەگەڵ چربوونەوەی ھەورەكان بۆ ھەورە بروسكە و بارانی پچڕ پچڕ لە كاتە جیاجیاكاندا لەھەندێ ناوچەش بەدیاری نەكراوی ئەگەری تاوە بارانی بەخوڕ ئەبێت بەتایبەت لەسنوری ناوچە شاخاویەكاندا.

ئاماژەی بەوەشكرد، نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما بەرێژەی ٣ تا ٤ پلەی سیلیزی بەراورد بە ئەمڕۆ كەش فێنكتر ئەبێت و خێرایی با كاتەكانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە مامناوەند بۆ نیمچە بەھێز چالاك ئەبێت بەخێرای ٢٠ تا ٥٠كم لەكاتژمێرێكدا لەگەڵ بەردەوامی خۆڵبارین بەرێژەیەكی كەم بۆ مامناوەند.

وتیشی، “ئەم ناجێگیریە لەكەشوھەوای ناوچەكانمان تا بەرەبەیانی ڕۆژی ھەینی ٢٣-٩-٢٠٢٢ بەردەوامی ئەبێت و پلەكانی گەرما بەنزمی ئەمێنێتەوە”.