سەردێر

سودانی كار بۆ سازدانی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەكات

چوارچێوەی هەماهەنگی وادەكەی ئاشكراكرد

خەڵك-
سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی، وادەی كۆبوونەوەی دووەمی محەمەد شیاع سودانی كاندیدی سەرۆكایەتی حكومەت لەگەڵ فراكسیۆنە سیاسییەكان لەنێو پەرلەماندا ئاشكرا دەكات و دەڵێت، لە كۆبوونەوەكەدا دیاریكردنی دانیشتنی پەرلەمانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، تاوتوێ‌ دەكرێت.

جەبار مەعموری سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە میدیاكانی عیراقی ڕایگەیاندووە:”لە هەفتەی داهاتوودا كۆبوونەوەی دووەمی نێوان كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سەرۆكایەتی وەزیران لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمان و هێز و ڕەوتە سیاسییە جیاجیاكان سازدەكرێت”، پێشبینیشی كرد ژمارەیان بگاتە زیاتر لە 150 پەرلەمانتار.

بە وتەی مەعموری:”كۆبوونەوەی یەكەم ئاكامی ئەرێنی هەبوو، لەڕێی خستنەڕووی خاڵە گرنگەكان و كارنامەی حكومەت لەلایەن سودانی، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە ڕەهەندی ئابوریی و خۆلادان لە هەڵەكانی حكومەتەكەی كازمییەوە هەیە لەو دۆسێیە و بونەتە مایەی بەرزكردنەوەی نرخەكان لە بازاڕدا بەڕێژەی 30% و بەرزكردنەوەی ڕێژەی هەژاری و نەداری لەنێو كۆمەڵگە”.

مەعموری پێیوایە:”دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان یەكلایی كراوەتەوە، بەڵام بەپێی پێشبینییە سەرەتاییەكان پێویستی بە هەماهەنگی و تەوافوقی سیاسی هەیە لەماوەی ئەم دوو هەفتەیە”.

نیوەڕۆی دوێنێ‌ سێ‌ شەممە، محەمەد شیاع سودانی كاندیدی سەرۆكایەتی حكومەت، لەگەڵ 60 پەرلەمانتاردا كۆبووەوە كە لە هێزە سیاسییە جیاجیاكان پێكهاتبوون و لە كۆبوونەوەكەشدا سودانی كارنامەی حكومەتی داهاتووی خستەڕوو.