سەردێر

كازمی و ڕەئیسی لە نیویۆرك كۆبوونەوە

خەڵك-
لە نیویۆرك، سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی و سەرۆك كۆماری ئێران، ئیبراھیم ڕەئیسی كۆبوونەوە.

لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی خولی ٧٧مینی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك، سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی و سەركۆماری ئێران، ئیبراھیم رەئیسی كۆبوونەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی خستووەتەڕوو و رایگەیاندووە كە لە كۆبوونەوەكەدا، پتەوتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و ژمارەیەك پرسی ھەرێمیی كە جێگای بایەخی ھاوبەشی ھەردوولابوون، تاوتوێ كراون.

باس لە ئەوەشكراوە، لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بە رۆڵی گرنگی عێراق كراوە بۆ بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەكەدا، ئەوەیش لە رێگای چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان وڵاتان پشت بەستن بە سیاسەتی گفتوگۆ و ھێوركردنەوە، ھەروەھا نزیككردنەوەی بۆچوونەكان بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانە لە ناوچەكەدا.

ئاماژەی بەئەوەشكراوە، ھەردوولا جەختیان كردووەتەوە لەسەر گرنگی بەردوامبوونی ھاریكارییە ھاوبەشەكانی نێوان عێراق و ئێران، بەتاییەتیش لە بوارەكانی ئابووریی، ئەمنیی، رۆشنبیری و وزە، ھەروەھا ھەماھەنگیی باڵا بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی ئاووھەوا و خێرا كاركردن لەسەر ئەو رێككەوتننامەیەی كە لەنێوان ھەردوو وڵاتدا واژووركراوە سەبارەت بە چارەسەركردنی ئاڵنگارییەكانی ئاووھەوا كە بەرەوڕووی ھەموو جیھان بووەتەوە.

سەرۆك كۆماری ئێران پاڵپشتی خۆی بۆ پێكھێنانی حكوومەتێكی سەقامگیر لە عێراق راگەیاندووە، ھەروەھا ستایشی دەستپێخەرییەكەی مستەفا كازمی كردووە بۆ ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتمانیی لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا بە ئامانجی چارەسەركردنی قەیرانی سیاسیی لە عێراق.