سەردێر

سەركردەكانی ئەمریكا و ئەوروپا چیان بۆ ژینا نووسیوە؟

ئیبراهیم ڕەئیسی بەڵێنی لێكۆڵینەوەی لە كوژرانی ژینا داوە

خەڵك-

لە ئاستی باڵادا، سیاسەتمەدارانی ئەمەریكایی و ئەوروپایی چەندین لێدوانیان لەسەر كوژرانی ژینا ئەمینی داوە.

جەیك سەلیڤان، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا لە تویتێكدا سەبارەت بە مردنی ژینا نووسیویەتی، “مردنی ئەو لێخۆشبوونی بۆ نییە. ئێمە بەردەوام دەبین لە لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئێرانی بۆ ئەم جۆرە پێشێلكارییانەی مافی مرۆڤ”.

سەلیڤان هاشتاگی ناوداری #مەهسائەمینی بۆ تویتەكەی زیادكردبوو.

ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لە تویتێكدا نووسی “ژینا ئەمینی دەبوو ئەمڕۆ لە ژیاندا بووایە.”

بلینكن دەڵێت، “لەبری ئەوە، ئەمریكا و گەلی ئێران ماتەمینی بۆ دەگێڕن. ئێمە داوا لە حكومەتی ئێران دەكەین كۆتایی بە سەركوتكاری سیستماتیكی خۆی بهێنێت لەسەر ژنان و ڕێگە بە خۆپیشاندانی ئاشتیانە بدات.”

كلۆدیا تێنی و ئەندامی كۆنگرێس لە پارتی كۆمارییەكان‌و سیناتۆر تۆم كاتن باسیان لە خۆپیشاندانەكان كردووە بۆ سەركۆنەی كوژرانی ژینا.

نەدا ئەلنەشیف، كۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان بە وەكالەت، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند “مەرگی كارەساتباری ژینا ئەمینی و تۆمەتەكانی ئەشكەنجەدان و خراپ مامەڵەكردن دەبێت بەپەلە و بێلایەن و كاریگەر لەلایەن دەسەڵاتێكی سەربەخۆی كارامەوە لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت.”

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا سەركۆنەی مردنی ژینی كرد و بە “قبوڵنەكراو” وەسفی كرد. هەروەها داوای لە دەسەڵاتداران كرد سزای ئەو كەسانە بدەن كە بەرپرسیاربوون لە كوشتنی.

بۆرێل دەڵێت “زۆر گرنگە دەسەڵاتدارانی ئێران دڵنیابن لەوەی كە مافە بنەڕەتییەكانی هاووڵاتییانیان ڕێزیان لێ بگیرێت و ئەو كەسانەی دەستگیردەكرێن هیچ جۆرە مامەڵەیەكی خراپیان لەگەڵدا نەكرێت.”

لای خۆیەوە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆكی ئێران لەگەڵ باوكی ژینا قسەی كردووە و سەرەخۆشی لێكردوون و ژینای بەكچی خۆی ناوبردووە.

ڕەئیسی بەڵێنی لێكۆڵینەوەشی لە ڕووداوەكە بە باوكی ژینا داوە.

ژینا كەچە كوردێكی سەقزییە، دوای دەستگیركرانی لەلایەن پۆلیسی ئێرشادەوە ڕەوشی تەندروستی تێكچوو و دوای سێ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەیەكی تاران لە ڕۆژی هەینی گیانی لە دەستدا.