سەردێر

سودانی كارنامەكەی بە دیواری پەرلەماندا هەڵدەواسێت

خەڵك-
وردەكاریی كۆبوونەوەی فراكسیۆنە سیاسییەكان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی كاندیدی سەرۆكایەتی وەزیران ئاشكرا دەكرێت و دەوترێت، سودانی كارنامەی حكومەتی بەشێوەیەكی كورت باسكردووە و دیدی خۆی بۆ ئایندەی ئیدارەی حوكم خستۆتەڕوو.

سەرچاوە سیاسییەكان دەڵێن”كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ لەسەر بانگهێشتی ژمارەیەك لە پارلەمانتاران بووە لە فراكسیۆنە جیاجیاكانەوە بۆ سودانی و تێیدا گفتووگۆ لەسەر دوایین پەرەسەندنە سیاسییەكان كراوە و بیروڕاكان ئاڵوگۆڕكراون سەبارەت بە كارنامەی وەزاری و ئەو پەیوەندییەی كە پێویستە لەنێوان پەرلەمان و حكومەتدا هەبێت”.

بە وتەی سەرچاوە سیاسییەكان كە بە میدیا عیراقییەكانیان ڕاگەیاندووە، ژمارەی ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە 60 پەرلەمانتاری لە فراكسیۆنە سیاسییە جیاجیاكان تێپەڕاندووە و گفتووگۆ لەسەر پرسە گرنگەكانی پەیوەست بە لایەنی خزمەتگوزاریی و ژیانی هاووڵاتیان كراوە.

هەر بە وتەی ئەو سەرچاوانە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە بەگەڕخستنی میكانیزم و بەرنامە و پلانی پەیوەست بە فەراهەمكردنی هەلی كار و چارەسەركردنی هەژاریی و بەدواداچوون كراوە بۆ ڕەوشی ئەو پارێزگایانەی زیاتر هەژارن.

سودانی باسی لە دوایین پەرەسەندنەكانی ڕەوشی سیاسی و دانوستان و ڕێككەوتنەكانی ئێستا كردووە كە جەخت لەسەر بەیەكگەیشتنی هەموان و پشت بەستن بە دیالۆگ و جێبەجێكردنی ڕێكارە دەستورییەكان دەكەنەوە.

سەرچاوەكان دەڵێن”سودانی سیمای كارنامەی وەزاری و هەندێك لە دید و ڕاوبۆچوونەكانی لەبارەی سروشتی پەیوەندی لەنێوان پەرلەمان و حكومەتی داهاتوو خستۆتەڕوو كە دەبێت پەیوەندی یەكتر تەواوكردن بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەكان بە گیانێكی ئەرێنی و بەرپرسانەوە”.