سەردێر

محەمەد شوكری: زەوی بەهەر جۆرێك بۆ وەبەرهێنان تەرخان بكرێت یاساییە

خەڵك-

لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی داعش و كێشەكانی نێوان ناوەند و هەرێمی كوردستان و قەیرانی دارایی، چەندین پڕۆژە پەكیان كەوت، سلێمانی وەك بەشێك لە هەرێمی كوردستان لەم پرسەدا پشكی شێری بەركەوت و خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان لەم شارەدا پەكی كەوت.

هەرچەندە لە ئێستادا قەیرانی دارایی و شەڕی داعش كۆتایی هاتووە و ئابووری هەرێمی كوردستانیش لە قۆناغێكی باشی گەشەكردندایە، بەڵام ئەمە هیچی لە دۆخی سلێمانی نەگۆڕی و دۆخەكە بەم قەیرانانەوە بە چەقبەستوویی ماوەتەوە، یەكێتی بەڵێندەرانیش لە ئامارێكدا ڕاگەیاند لە سنوری سلێمانی نزیكەی 1000 پڕۆژە پەكیان كەوتووە و كاركردن تیایاندا وەستاوە، لە بەرامبەریشدا سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان دەڵێت هیچ پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان ڕانەگیراوە لە سلێمانی، بەڵكو لە قۆناغی مۆڵەتداندان.

محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكای ڕایگەیاند، هیچ پڕۆژەیەك ڕانەگیراوە لە سلێمانی و كێشەكان پەیوەستن بە نەبوونی هەماهەنگی پێویست و كەمتەرخەمی دەسەڵاتی خۆجێی پارێزگای سلێمانیەوە.

ڕاشیگەیاند “ئەو پڕۆژانە لە پڕۆسەی مۆڵەت داندان، ڕەنگە هاوكاری و هەماهەنگی لایەنە پەیواندیدارەكان و فەرمانگەكانی وەبەرهێنان لەو ئاستەدا نەبووە، لە شاری سلێمانی دەبینین جەنابی كاك قوباد جێگری سەرۆك وەزیران تەدەخول دەكات بە شەخسی، بۆ ئەوەی ئەو هەماهەنگیە دروستبكات، بۆ زیندووكردنەوەی ئەو پڕۆژانەی كە پێشتر پەسەندیان هەبووە، جارێكی تر بكەونە بواری جێبەجێكردن و ئێمە مۆڵەتیان پێدەدەین.”

محەمەد شوكری ئاماژە بەوە دەكات سلێمانی لەگەڵ پارێزگاكانی تر جیاوازی نیە و بەشێكی زۆری دەسەڵاتەكان شۆڕبۆتەوە بۆ پارێزگاكان خۆیان و خۆیان لێی بەرپرسیارن نەك حكومەت و دەستەی وەبەرهێنان.

دەشڵێت ” ئێمە هەست بە هیچ جیاوازیەك ناكەین لە نێوان شارەكاندا، چونكە ئەسڵەن جیاوازی نییە، سەرجەم دەسەڵاتەكانی پێدانی مۆڵەت، پەسەندكردنی پڕۆژە، ڕەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەكان، لە سنووری پارێزگا دەكرێت، كەواتە پارێزگا ئازادە لەوەی چۆن پڕۆژە پەسەند دەكات، سەرجەم دەسەڵاتەكان لە دەسەڵاتی خۆجێیدایە، دەسەڵات لای ئێمەو دەستەی وەبەرهێنان نییە، ئێمە تەنیا چاودێری دەكەین و فشاریان لێدەكەین، پڕۆژەكە دەبێت لە زمنی پلاندابێت، پڕۆژەیەكی ئابوری سەركەوتووبێت، و پەسەندبكرێت و ئینجا مۆڵەتی پێبدرێت، لایەنە پەیوەندیدارەكانیش هاوكار بن، چەندی ئام بابەتە ئاسانبێت، ئەوەندە مۆڵەتی زیاتر دەدرێت، هەولێر ئەگەر هەماهەنگی لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكان بەهێزتر بێت، مۆڵەتی زیاتر دەدرێت، بۆ دهۆك، سلێمانی ، گەرمیان، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، سۆران و زاخۆ، كە 8 فەرمانگەی گشتیمان لە وەبەرهێنان لەو شارانە هەیە، كامەیان ئاسانكاری زیاتر بكەن، با مۆڵەتی زیاتر بدەن ئێمە دەستخۆشیان لێدەكەین.”

لەگەڵ ئەوەی لە ماوەكانی ڕابردوودا چەندین جار قسە لەسەر پێدانی زەوی كرا بەناوی وەبەرهێنان بە نرخێكی زۆر كەم و بە نمونە لە شاری هەولێر دەوترێت نرخی مەترێك زەوی كەمتر بوە لە نرخی كیلۆیەك تەماتە و لە شاری سلێمانیش پێدانی پارچەیەك زەوی گران بەها بە كوڕی بەرپرسێك بە نرخێكی ڕەمزی، لەو بارەیەوە سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت ئەگەر حكومەت زەوی بۆ وەبەرهێنان تەرخان بكات ئێمە بە شێوەی نایاسایی سەیری ناكەین و ئەمە داگیركردن نییە، ئەگەر گرانترین زەوی هەرێمی كوردستانیش بێت.

ڕوونیشیكردەوە ” هەر جۆرە تەرخانكردنێكی زەوی كە لە سنوری نوسراوی فەرمی بۆ ئێمە تەرخان دەكرێت ئێمە بە شكڵێكی نا یاسایی سەیری ناكەین، ئەو پرسیارە زۆر جار ئاڕاستەی ئێمە كراوە، من بە تێڕوانینی خۆم وەك دەستەی وەبەرهێنان، ئەگەر پڕۆژەیەك پڕۆپۆزەلێكی باشی وەبەرهێنانی هەبێت، كامە زەوی باش و بە قیمەتی هەرێمی كوردستانە بدرێتە ئێمە من مەمنونیان دەبم، لەبەر ئەوەی من چاوەڕێی ئەوە دەكەم زەویەكی باشم پێبدرێت تا پڕۆژەیەكی باشی تێدا دروستبكەم، لایەنە پەیوەندیدارەكان كە زەویان هەیە، ئەگەر خۆیان زەوی بە شێوەیەكی ڕەسمی بدەنە وەبەرهێنان ئەمە داگیر كردن نییە.”

سەبارەت بە پرسی داگیركردنی زەوی لە هەرێمی كوردستاندا كە ناڕەزایەتی زۆری لێكەوتەوە و لە سنوری سلێمانیش چەندین بەرپرس لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستگیركراون محەمەد شوكری دەڵیت ئەو بابەتە لە دەرەوەی دەسەڵاتی فەرمانگە فەڕمیەكانی حكومەتەوە بووە.” ئەو بابەتەی كە باس لە زیادەڕەوی لەسەر زەوی و زار دەكرێت لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەی ڕەسمی بووە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە كە دابەشكردنی زەوی لەدەرەوەی دەسەڵاتەكانەوە بووە، بۆیە ئێستا كاری لەسەر دەكرێت، كە ئەو زەویانە بگەڕێنەوە و ئیجرائات لەگەڵ ئەو خەڵكانە بكرێت هەتا بە لانی كەمەوە ئەگەر زەویەكیش درا بە وەبەرهێنان لە حدودی فەرمی خۆی بێت، ئیجرائاتە یاساییەكەی خۆی جێبەجێ كردبێت تا زەویەكەی پێبدرێت”.





هەلبژاردە

گرنگترینەکان