سەردێر

بەرشەلۆنە پشت دەكاتە پیكێ‌

خەڵك-
راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان لە ئیسپانیا دەڵێن، ئیدارەی یانەی بەرشەلۆنە دەیەوێت جێرارد پیكێ‌ یاریزانی یانەكە بەم نزیكانە واز لە یاریكردن بهێنێت.

ڕۆژنامەی “سپۆرت”ی كەتەلۆنی دووبارە لێدوانەكانی جێرارد پیكێ‌ بڵاودەكاتەوە كە لەدوای دۆڕانی تیپەكەی لە چامپیۆنزلیگی 2020 بەرانبەر بایرن میونشن بەئەنجامی 2-8 ڕایگەیاندبوو “ئێمە گەیشتوینەتە كۆتاییەكەی، ئەگەر ناچاربم بڕۆم بۆ ئەوەی تیپەكە یاریزانی گەنج و خوێنی نوێ لە خۆ بگرێت، من ئامادەم بڕۆم”.

لەو دەمەدا پیكێ‌ ڕایگەیاندبوو””ئەگەر سبەی راهێنەر كومان پێم بڵێت دەبێت بڕۆی، ئەوا تۆپی پێ جێ دەهێڵم، بەڵام جگە لە بارسێلۆنا یاریی بۆ هیچ تیپێكی تر ناكەم، لە بارسێلۆنا واز لە یاریكردن دەهێنم، بەڵام وەك یاریزانێكی یەدەگ نا”.

ڕۆژنامە كەتەلۆنیەكە دەڵێت”هەموو ئەم دەستەواژانە ئاماژەن بۆ ئەوەی كە پیكێ‌ پێشتر یاریزانێكی سەرەكی بووە لە بەرشەلۆنە، بەڵام ئێستا لە خراپترین بارودۆخدایە، چونكە بەردەوام لەسەر كورسی یەدەگە، وێڕای ئەمەش بەستنی گرێبەست لەگەڵ ئەندریاس كریستنسن و ژول كۆندێ، جگە لە ئامادەبوونی ئێریك گارسیا و رۆناڵد ئاراوخۆ لە تیپەكە، هێندەی تر بوونەتە هۆی پەراوێزخستنی پیكێ”.

كێشەی پیكێ بۆ بەرشەلۆنە ئەوەیە كە زۆرترین مووچە لە یانەكە وەردەگرێت، تەنانەت زیاترە لە مووچەی سێرجیۆ بۆسكێتس و فرینكی دی یۆنگ، بەرشەلۆنە كێشەی لەگەڵ پیكێ و مووچەكەی هەیە، چونكە لەئێستادا یاریزانەكە خزمەتێكی وەها پێشكەش بە تیپەكەی ناكات، لە كاتێكدا بەرشەلۆنە لە ڕووی ئابوورییەوە ماندووە و كێشەیەكی زۆر بەرۆكی گرتووە، بۆیە ئیدارەی بەرشەلۆنە دەیەوێت بزانێت پیكێ بەڵێنەكەی خۆی جێبەجێ دەكات، ئایا ئەگەر داوای لێ بكەن واز بهێنێت، رازیی دەبێت یان نا.

وەك ڕۆژنامەی “سپۆرت” باسی دەكات”پێدەچێت بەمزوانە بابەتەكەی پیكێ‌ ببێتە كێشەیەكی تر و دەربكەوێت، چونكە پێشتر پیكێ‌ ڕایگەیاندووە كە وەك یاریزانی یەدەگ واز لە یاریكردن ناهێنێت.