سەردێر

مەرزیە، دەنگی ژن و شۆڕش

ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی مەرزیەیە

خەڵك-

ناوی تەواوی مەرزیە شەهاب عەبدوڵڵایە، لە ڕێكەوتی 1958-05-22 لەشاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان چاوی بەژیان هەڵهێناوه، بەڵام دایك و باوكی مەرزیە لەبنەڕەتدا خەڵكی شاری سنەن.

تا تەمەنی 17 ساڵی مەرزیە ژیانی لەشاری مەریوان بەسەر دەبات، بۆ خوێندنی مامۆستایەتی ڕوو دەكاتە شاری سنە و لەوێ خوێندنی مامۆستایەتی تەواو دەكات، بڕوانامەی دبلۆم لە بواری مامۆستایەتیدا بەدەستدەهێنێت.

هەر لەتەمەنی منداڵیدا هەستی كردووه، كە دەنگی خۆشەو بەهرەی دەنگخۆشی تێدایە، لەلایەن باوكییەوە هاندراوه، بەڵام بەهۆی نادروستی كۆمەڵگاوه، ئەوەی لەو ڕۆژگارەدا ستەم بووە، ژن و كچی كورد گۆرانی بچڕن، هەربۆیە ڕێگای هونەری لێگیراوە و لەو پێناوەشدا زۆر بەقورسی ژیانی هونەری خۆی بەسەر بردووه، بەڵام سەرەڕای كۆسپ و كێشەكان مەرزیەی هونەرمەند هەر بەردەوام بووه، لەجەژنەكان و یاد و بۆنەكانەدا، ئەوانەی لەقوتابخانەدا سازكراون، بەشداری كردووە و بۆ یەكەمین جار لەتەمەنی 9 ساڵیدا چووەتەسەر شانۆی قوتابخانەكەی، یەكەمین گۆرانی، ئەوەی لەو كاتەدا چڕيويەتی گۆرانیەكی فەتانەی وەلیدی بووه، لەگەڵ موزیكدا بەناوی لەسەر كانی دێتەوە لێو بەكەنی و گۆزەبەشانەوه.

مەرزیە زۆر حەزی بەبیستنی كارە هونەرییەكانی باشووری كوردستان بەتایبەت تیپی مۆسیقای سلێمانی و زیاتر حەزی بەدەنگی هونەرمەندان كەریم كابان و قادر كابان بوو.

لەساڵی 1977دا لە شاری سنە بە هونەرمەند ناسری ڕەزازی ئاشنا دەبێت و لەساڵی 1978دا زەماوەند دەكەن و لە ساڵی 1980دا لەگەڵ هونەرمەند ناسڕی ڕەزازی ڕێگای خەباتی شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان هەڵدەبژێرن و لەڕيزەكانی كۆمەڵە خەبات دەكەن، ئەم خەباتگێڕیەشیان تاساڵی 1984دا بەردەوام دەبێت. وەك هونەرمەندێكی لێهاتووی شاخ شان بەشانی خەباتی چەكداری دەست دەكات بەكاری هونەری و لەگەڵ تیپی مۆسیقای كۆڕی بانگەوازی كۆمەڵە یەكەمین كاری هونەریی لە شاخ بەسروودی سڵاو بۆ پێشمەرگە بەئەنجام دەگەیێنێت.

لەسەرەتای ساڵی 1985وە لە وڵاتی سوێد وەك پەناهەندەیەك لەگەڵ هونەرمەند ناسڕ و سێ منداڵەكەی، دڵنیا، ماردین و كاردۆ ژیان بەسەر دەبن.

لەڕۆژی 2005-09-18دا لە كاژمێر 11ی پێش نێوەڕۆ بەكاتی ئەوروپا، لەستۆكهۆڵمی پایتەختی سوێد ماڵئاوایی لەمۆسیقا و هونەر كردو بۆ هەتاهەتای بەجێیهیشتین و لەشاری سلێمانی لەسەر داوای خۆی بەخاك سپێردرا.