سەردێر

مەلا یاسین: ئەو هەڵمەتەی دژی من دەكرێت دژی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمە

خەڵك-

وتەبێژی یەكێتیی وەبەرھێنەران و بەڕێوەبەری (كۆمپانیای بەڕێز) باس لە دۆخی وەبەرھێنان لە سلێمانی دەكات و وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە، كە بۆچی لە ماوەی رابردوودا ئەو شارەی بە سەردەمی محەمەدی مەھدی چواندووە و پێی وایە كە شاری سلێمانی پێویستی بە ھاوكاریی ھەموو لایەك ھەیە.

-لە ‌ماوەی رابردوودا دۆخی سلێمانییت بە سەردەمی محەمەدی مەھدی چواند، ئەمە نیگەرانیی زۆری لێ كەوتەوە،‌ چونكە پێیان وابوو باری لاری سلێمانی بە لێدوان راست نابێتەوە؟
مەلا یاسین: من قسەم راشكاوانەیە، (باسنیوز) ماڵپەڕێكی پڕخوێنەر و بەھێزە، ھەرچییەك بێت و چۆنە ئەوە ئاوایە، پێم باش بوو ئەم پەیامانە بڵاو ببێتەوە، لێتان ناشارمەوە، ھەفتەیەكە ھەڵمەتێكی چەواشەكارانە لە دژی من و كۆمپانیاكەم و یەكێتیی وەبەرھێنان دەستی پێكردووە، ئەم ھەڵمەتە بە ‌تەنیا لە دژی من نییە،‌ لە دژی كار و چالاكیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە، بە دیاریكراوی كابینەی نۆیەم، ئەم ھەڵمەتە لە دژی ئەو چاكسازییانەیە كە لە كابینەی نۆیەم دەستی پێكردووە، ئەم ھەڵمەتە لە ‌دژی ئەوەیە كە من دەزانم لە سەرەتای دروستبوونی ئەم كابینەیەی حكوومەت ھەوڵی جدی دەدرێت بۆ ئەوەی كوردستان بگەڕێتەوە بۆ دۆخی سەقامگیریی ئابووری، لە سەرەتای ئەم كابینەوە گەشبین بووم پێی و ھەموو ئەوانەی ئەم پروپاگەندانەش بڵاو دەكەنەوە ئەوانەن كە لە ‌دژی پێشكەوتن و چاكسازیی حكوومەتن، لە ‌دڵسۆزیاین نییە بۆ سلێمانی، ئەگەر لە دڵسۆزی بوایە پێم خۆش دەبوو.

-بەڵام بەڕێزت بەدیاریكراوی دەڵێیت چاكسازیی قوباد تاڵەبانی سلێمانیی كردووە بە ‌سەردەمی محەمەدی مەھدی، پێدەچێ خەڵك كە رەوشی سلێمانی دەبینن لەوە نیگەران بن؟
مەلا یاسین: من ھەنگاوەكانی كاك قوبادم بەرز نرخاندووە، ئەوەتا ٥٥ پرۆژەی وەستاوی وەگەڕ خستووەتەوە و رێكارەكانی ئیدارەی باشتر كردووە، من ناچارم قسەی لەسەر بكەم، چونكە گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرھێنانم، ئەگەر من قسەی لەسەر نەكەم كێ قسەی لەسەر بكات؟ ‌لەلایەكی دیكەوە، من ماوەی دوو ساڵی رابردوو نەك لەسەر كاك قوباد، لەسەر چاكسازیی حكوومەت قسەم كردووە، دیسانەوە ھەڵمەتێكیان لە دژ كردم،‌ بەتایبەت پەیجی (……..)، كە ئێستا بەم مۆدیلەی ئێستا دەیانویست كاری ئێمە بشكێنن و ناشرینمان بكەن، بەڵام ئێمە خۆڕاگر بووین و لەگەڵ ئەم ھەڵمەتە بە ‌خۆڕاگری دەمێنینەوە، كوردستان پێویستی بە ‌سەقامگیریی ئابووری ھەیە و دەبێت پرۆژەكان زیاتر جێگای خۆیان بكەنەوە، حكوومەت ماوەیەكە دەیەوێت دەست بە پرۆژەكانی بازرگانی و كشتوكاڵ و پیشەسازی بكاتەوە، ئەوەش دەستخۆشییە بۆ كابینەی نۆیەم كە توانیی ٥ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرھێنان لە سۆران و زاخۆ و ‌راپەڕین و گەرمیان و ھەڵەبجە بكاتەوە، بەڵام ئەم پەیج و سایتانە وا پیشان دەدەن گوایە ئەم سنوورە سنووری كاركردن نییە، كوردستان گرفتی ئابووریی ھەیە و كاری تێدا ناكرێت! بەڵام من دەپرسم، ئەگەر كوردستان ھەلی كاری تێدا نەبێت و لە رێگای پرۆژەكانی وەبەرھێنانەوە كاری تێدا نەدۆزرێتەوە چی لەو دەیان ھەزارە دەرچووەی زانكۆكان بكەین؟

– گرفتمان لەوەدا نییە،‌ بەڵام خۆ دەكرێت قسەی بەرپرسانی وەبەرھێنان لە سلێمانی بە ‌ئاراستەی حزبی نەبێت.

مەلا یاسین: دروستە،‌ بەڵام ئەوانەی نەیاری حكوومەتن، دەیانەوێت ئەم ھەنگاوانە و ئەو وەرەقانە تێكەڵ بكەن، ئەوەتا تەلەفۆنم بۆ دێت و پێم دەڵێن تۆ بۆچی مەرایی بۆ بەرپرسانی یەكێتی دەكەیت؟ بەڵام بڕوا بكە من شتێك بڵاو ناكەمەوە راست نەبێت، حەقیقەتی كوردستان ئەوەیە كە دەبێت وەبەرھێنان بكرێتە بەدیلی ئەو نەوتەی كە پشتمان پێی بەستووە، من دەزانم كاك مەسرور بارزانی لەم كابینەیە رژدە و نیەتی پاكە،‌ دەبێ ھەوڵی جدی بدرێت شارە پیشەسازییەكانمان بخەینە گەڕ، دەبێت ھەوڵی جدی بدەین شارە گەشتوگوزارییەكانمان پێشكەوتوو بن، باشە كاك قوباد ھەوڵی داوە وەبەرھێنەری ئەم شارە كۆچ نەكەن، ئەوە بۆ خراپە كە من پشتیوانیی بكەم؟ بەڵام من دەزانم چەند وەبەرھێنەر سلێمانیی جێ ھیشتووە و روویان لە شارەكانی تری عێراق كردووە و دەچنە جۆرجیا و وڵاتەكانی دیكە وەبەرھێنان دەكەن، دواتر لێكدانەوەی خراپ بۆ قسەكانی من كراوە، من گوتوومە دوای چاكسازیی كاك قوباد تاڵەبانی، پارێزەرەكان ئەو قسانەیان كردووە، كەچی پەرلەمانتار ھەیە خۆی بە نوێنەری خەڵك دەزانێ، وەڵامی منی داوەتەوە و دەڵێت دەبوو بتگوتایە ‌(ئاجوجوماجوج حوكمی ئەم وڵاتەی بكردبایە)، لەكاتێكدا لە سەردەمی ئاجوجوماجوج دەڵێن ھەرچی دێتە پێشیان دەیخۆن، بەڵام وا نییە، ئەو ئاوەدانییەی لە سلێمانی ھەیە لە كەركووك نییە،‌ ئەو ئاوەدانییەی لە ھەولێر ھەیە لە ھیچ شارێكی عێراق نییە و ئەو ئاوەدانییەی لە دھۆك ھەیە لە مووسڵ نییە، من ئەركێكی ئەخلاقیم ھەیە و دەبێ ئەمانە بگەیەنم.

– زۆر بەڵگە لەسەر كۆمپانیاكەی تۆ بڵاو دەبێتەوە و دەگوترێ گەندەڵیی تێدایە، تۆ خۆت چی دەڵێی؟

مەلا یاسین: كاتی خۆی لە كابینەی رابردوو، لێژنەیەكی باڵا لەسەر من دروست كرا، ئاكامی لێژنەكە ١٣ لاپەڕە بووە، ئەو ھەڵایەی ئیستا لەسەر كۆمپانیاكە ھەیە لەو راپۆرتە كە بەڕێوەبەری گشتی و شارەزای تایبەتی تێدابوو، رەتیان كردووەتەوە و لەوبارەوە تا ئێستا ئاگاداركردنەوەیەكیشمان بۆ نەھاتووە، من لە ھەڵەبجە كارم كردووە،‌ با ھەموو دونیا سەیری بكات بزانێت كارەكانی من چۆنن، كاك مەسرور بارزانی ١٠ ملیار دیناری تەرخان كردووە بۆ سندووقی نیشتەجێبوون، بۆ ئەوەی قۆناغی سێیەمی پرۆژەكە تەواو بكرێت، بەڵام چاویان بەم پرۆژانە ھەڵنایەت.

– ناوە ناوە دەنگۆی دەستگیركردنت بڵاو دەبێتەوە،‌ ئەمە چۆنە؟ بەتایبەت لە رادیۆی مەڵبەندی ١ی یەكێتی لە سلێمانی كە رەنگە ئەم ھەواڵە پێچەوانەی ئەو ھەڵمەتە میدیاییە ‌بێت، كە تۆ بۆ پشتیوانیی بەرپرسانی یەكێتی لەو شارە راتگەیاند؟

مەلا یاسین: ئەگەر تاوانێكم كردووە ملم لە موو باریكترە و ئامادەم پێش ھەموو كەس بچمە بەردەم دادگا، بۆ ئەو پرسەش، مەڵبەندی یەكێتی بە ‌فەرمی داوای لێبوردنی لێ كردم و راگەیاندنی یەكێتییش رەتی كردەوە و پۆزشی ھێناوەتەوە، دەركەوت كەسێك ئەدمینی ئەو رادیۆیەیە و لەگەڵ ئەو گرووپەدایە كە دژایەتیی كۆمپانیاكەم دەكەن، من لەو چاوپێكەوتنە باسی فەرمانگەیەكی دیاریكراوی حكوومەتم كردووە،‌ ئەوە بە دەممدا ھاتووە،‌ زۆر برادەریش دەڵێن دەبوو ئەو قسەیەت نەكردایە و ھەر كەسێكش چاوپێكەوتنی كرد و وشە لە دەمی كەوتە خوارەوە، وەك فیشەك ناگەڕێتەوە، بەڵام بە دیاریكراوی باسی چاكسازییم كردووە،‌ كە كاك قوباد جێگری سەرۆكی حكوومەتە و ھەر ھەنگاوێكی باش بھاوێت دەچێتە ناو دەسكەوتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە، ئەگەر داھاتی سلێمانی زیاد بكات فشار لەسەر حكوومەتیش دروست نابێت، بڕوا بكەن سلێمانی كە داھاتی نەماوە، ھەمووی ئەم پەیجە سێبەرانەن، كەوا ترس و دڵەڕاوكێ لەناو خەڵك بڵاو دەكەنەوە و ئاگر لە ماڵی خەڵك بەردەدەن.

نموونەت ھەیە لەسەر ئەوەی كە پەیجی سێبەر شاری سلێمانیی لە وەبەرھێنان ترساندبێت؟

مەلا یاسین: بەڵێ ھەیە، رۆژنامەنووس لەو شارە ھەیە بە كۆمپانیاكانی گوتووە دۆسیەی تۆمان ھەیە، ئەگەر ئەوەندە پارەمان نەدەیتێ ئیفلاست پێ دەیكەن، بۆیە ئێمە دەبێ ئەمە ببەینە داواكاری گشتی، چۆن دەبێ رۆژنامەنووس ئازاری سەرمایەدار بدات.

-نیەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چۆن دەبینی؟
مەلا یاسین: من یەكێك بووم لەو وەبەرھێنەرانەی سلێمانی كە كاك مەسرور بارزانی بانگھێشتی كۆمەڵێك وەبەرھێنەری كرد و چوار سەعات لەگەڵی كۆ بووینەوە، گوتی پلانی حكوومەت ئەوەیە كە وەبەرھێنان بگاتە سەدان ملیار و دەبێ ھەزاران ھەلی كار دروست بكەن، بەداخەوە بەشێك لە سەرمایەدارانی كورد بە بڕی ٢٠ ملیار دۆلار سەرمایەیان لە ناوچەكانی دیكەی عێراق خستووەتە كار، بۆ دەبێت ئەمە لە كوردستان بچێتە دەرەوە؟ من بە ویژدانەوە قسە دەكەم، ئەوەی كاك د.محەمەد شوكری بۆ دھۆكی دەكات، ھەمان شتە بۆ سلێمانی دەیكات، بۆ كەلار و كفری و ھەڵەبجەش دەیكات، ئەمە راستییەكەیە و دەبێت بە ‌ویژدانەوە بیڵێین.

 





هەلبژاردە

گرنگترینەکان