سەردێر

دواجار سلیمانی شەرەفی میوانداریكردنی پاڵەوانێتی بۆكسێنی گەورەترین كیشوەری جیهانی پێبڕا

خەڵك-
عەلی تەكلیف سەرۆكی یەكێتی عیراق بۆ بۆكسێن ڕایدەگەیەنێت، یەكێتی ئاسیا ڕەزامەندی دەربڕی بۆ میوانداریكردنی پارێزگای سلێمانی بۆ كێبڕكێی پاڵەوانێتی كیشوەری ئاسیا بۆ بۆكسێنی بێچوە شێران كە نزیكەی بیست هەڵبژاردەی ئاسیا بەشداریی تێدا دەكەن.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن تەكلیفەوە بڵاوكرایەوە”هەموو وڵاتە عەرەبییەكان لە نوسینگەی ڕاپەڕاندن هەڵوێستیان شەرەفمەندانە بوو، دەنگیاندا بۆ ئەوەی پاڵەوانێتی كیشوەرەكە لە پارێزگای سلێمانی سازبكرێت”.

بە وتەی تەكلیف”عەدنان بن عەلی كوێتی و دكتۆرە ڕەشا خەمیسی سعودی و دكتۆرە خیتام موسای ئەردەنی، وێڕای عەلی سەلامە بەڕێوەبەری ڕاپەڕاندنی یەكێتی ئاسیا، هاوكاربوون و پشتیوانی تەواوییان كردین، تا پارێزگای سلێمانی شەرەفی میوانداریی كێبڕكێی پاڵەوانێتی ئاسیای بێچووە شێرانی پێببڕێت كە لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت”.

وابڕیارە پاڵەوانتێییەكە لەنێوان 26ی تشرینی دووەم و چواری كانوونی یەكەمی داهاتوو، سازبكرێت.