سەردێر

نەخۆشی ئاوڵەی مەیمون گەیشتە وڵاتێكی دراوسێی هەرێم

خەڵك-

وەزارەتی تەندروستی كۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی یەكەم حاڵەتی تووشبوون بە ئاوڵەی مەیمونی لە وڵاتەكەی ڕاگەیاند.

شەهنام عەرشی، بەڕێوەبەری ناوەندی نەخۆشییە گوازراوەكان لە وەزارەتی تەندروستی ئێران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكردووە، تائێستا 291 پشكنینی ئاوڵەی مەیمون لە ئێران ئەنجامدراوە و لەناویاندا یەك تووشبوو تۆماركرا، كە ئەنجامەكەی ئەرێنی بووە و لە تاقیگەی ناوەندیش پشتڕاستكراوەتەوە.

ئاشكراشی كردووە، تووشبووەكە خەڵكی پارێزگای ئەهوازە.

ڕاشیگەیاند، “ئێستا گرفتێكی ئەوتۆمان لە ئێراندا نییە بۆ پشكنینی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون و 13 تاقیگە لە سەرانسەری وڵاتدا بۆ ئەم مەبەستە هەن”.

نەخۆی ئاوڵەی مەیمون نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە و بە ئێرانەوە تا ئێستا لە 100 وڵات تۆماركراوە و زۆربەی لە وڵاتانی ئەفریقا و ئەوروپا بووە و بە تۆماركردنیشی لە ئێران مەترسی بۆ هەرێم دروست دەبێت بەو پێیەی دوو وڵاتی هاوسنوورن.