سەردێر

“شورەییە 10 ساڵە ڕێگای مەرگ تەواو نەكراوە”

خەڵك-
ڕۆژانە چەندین ڕووداوی هاتووچۆ لەسەر ڕێگای دەربەندیخان بەرەو گەرمیان ڕوودەدات لەو ڕێگایەی پێی دەوترێت “ڕێگای مەرگ” و تەنها لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا لە 2 ڕووداودا 3 كەس گیانیان لەدەستداوە و چەند كەسێكیش بریندار بوون.

خەدیجە عەبدولجەبار، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی حكومڕانی ئاوا نابێت، شورەییە ماوەی 10 ساڵە تەنها قۆناغێكی ڕێگای (زەڕایەن-دەربەندیخان) كە چەند كیلۆمەترێكە پێتان تەواو نەكراوە، كە بە ڕێگای مەرگ ناسراوە.

دەشڵێت: “ئێوە خۆتان ناوناوە حكومەت تەنها سایدێكی ئەو ڕێگایەتان بە 10 ساڵ پێ تەواو نەكراوە، لە كاتێكدا قۆناغی دووەمی ڕێگاكە، كە دروستكردنی تونێلێكی تر لە خۆ دەگرێت هێشتا هەر پڕۆپۆزەڵیشی بۆ ئامادە نەكراوە”.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن لە دەسەڵاتداران دەپرسێت، “نازانم گیانی ئەو هاووڵاتیانەی ڕۆژانە لەم ڕێگا پڕ مەترسیەوە هاتووچۆ دەكەن هیچ بایەخێكیان نیە لای ئێوە؟! ئەم هەموو ڕووداوە دڵتەزێنانە هیچ كاریگەریەك لەسەر ویژدانی ئێوە بەجێ ناهێڵێت؟!”.

هۆشداری ئەوەش دەدات، “دڵنیا بن ئەو كەسانەی ویژدان ئازاریان نادات، ڕۆژێك دێ ژیان زۆر خراپ ئازاریان بدات، چونكە چەرخی ژیان هەمیشە لەسوڕانەوەدایە”.

ئاشكراشی كرد، وەك لیژنەی پلان و پڕۆژەكان تا ئێستا چەندین جار ڕاپۆرت و نووسراومان ئاڕاستە كردووە لە بارەی زەرورەتی تەواوكردنی ئەم ڕێگایە و ڕێگای (دەربەندیخان- كەلار) بەڵێن دەدەن پێشینەیەك خەرج دەكەن و دیسان پڕۆژەكە ڕادەگیرێتەوە.