سەردێر

هادی عامری دەستپێشخەرییەك دەداتە موقتەدا سەدر

خەڵك-

سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح، كە كوتلەیەكی ناو (چوارچێوەی هەماهەنگی)ی شیعەكانە دەستپێشخەرییەكی نوێ دەخاتە بەردەم ڕێبەری ڕەوتی سەدر بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و ئامادەیی دەردەبڕێت كاندیدی سەرۆك وەزیران، كە محەمەد شیاع سودانی-یە بگۆڕێت بۆ كاندیدێكی دیكە.

لە هەفتەی ڕابردوودا، هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح دەستی كرد بە جووڵەیەكی سیاسی بۆ دەربازكردنی عێراق لە چەقبەستوویی سیاسی و شكاندنی بەستەڵەكی نێوان (ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی) و هاتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ بارزانی و تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید و سەڵاحەدین بەهادین و عەلی باپیر كۆبووەوە و بڕیارە لە حەنانە لەگەڵ موقتەدا سەدر كۆببێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیا عێراقییەكان، ئەو وادەیەی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق دیاریكردبوو بەرەو كۆتایی دەچێت، بەڵام هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح دەستپێشخەرییەكی نوێ دەخاتە بەردەم ڕێبەری ڕەوتی سەدر و تێیدا هاتووە چێوەی هەماهەنگی ئامادەیە محەمەد شیاع سودانی بگۆڕێت بۆ كاندیدێكی دیكە.

وەك لە دەستپێشخەرییەكەدا هاتووە، چێوەی هەماهەنگی چەند كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید دەكەن و موقتەدا سەدر دەتوانێت ڕەزامەندی لەسەر یەكێك لەو كاندیدانە بدات، كە چێوەی هەماهەنگیی شیعەكان كاندیدیان دەكات.