سەردێر

پەتای “ئەنفلۆنزای تەماتە” لەناو منداڵان بڵاودەبێتەوە

خەڵك-

پزیشکان لە سەرانسەری جیهان چاودێری زیادبوونی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی نوێ و درمیان کردووە، کە تووشی منداڵانی بچووک دەبێت، کە پێی دەوترێت “ئەنفلۆنزای تەماتە”.

ڕۆژنامەی (زە سەن)ی بەریتانی بڵاویکردەوە، بەپێی دواین ئامار ٨٠ منداڵ لە هیندستان تووشی ئەنفلۆنزای تەماتە بوون و ڤایرۆسە نوێیەکە دەبێتە هۆی دروستبوونی پەڵەی سوور و نیشانەکانی هاوشێوەی تا، کە بەهۆی مێشوولەی جێگاوە دروست دەبێت.

پزیشکان بە گۆڤاری پزیشکی بەریتانییان وتووە، کە “نەخۆشییەکە زۆر درمییە و ترسیان هەیە بۆ گەورەکانیش بڵاوبێتەوە”.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە ئەم ئەنفلۆنزایە ناوی خۆی بەدەستهێناوە لە ئەنجامی دەرکەوتنی تاڵە مووی سوور و ئازاربەخش لەهەموو بەشەکانی جەستە، پێش ئەوەی وردە وردە بئاوسێت و ببێتە قەبارەی تەماتە.

وەک نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانی دیکە، نیشانەکانی دیکە بریتین لە ماندووبوون، سكچوون، ڕشانەوە، تا، وشکبوونەوە و ئازاری جەستە، هاوشێوەی نەخۆشی ئەنفلۆنزا.

ئەم نەخۆشییە دەبێتە هۆی خورانی پێست، بەڵام توێژەران هێشتا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بزانن بەڕاستی هۆکاری ئەم نیشانانە چییە.

تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە، کە ئەم ڤایرۆسە مەترسیدار بێت یان مەترسی لەسەر ژیان دروست بکات و منداڵانی نەخۆش بە دەرمانی نەریتی وەک پاراسیتامۆڵ و پشوودان و شلەیەکی زۆر چارەسەر کراون.