سەردێر

شەپۆلێكی خۆڵبارین دەستپێدەكات و پلەی گەرما دادەبەزێت

خەڵك-

ئەمڕۆ هەینی، دەستەی گشتی کەشناسی پێشبینییەکانی کەشوهەوای چوار ڕۆژی داهاتووی لە عێراق و هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، هاوکات ئاماژەی بە هەڵکشانی خۆڵ و نزمی پلەکانی گەرما کرد.

دەستەی گشتی کەشناسی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “سبەینێ‌ شەممە ئاسمان ڕوون دەبێت و دواتر دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور لە هەموو ناوچەکانی وڵات، هەروەها پلەکانی گەرما هاوشێوەی ڕۆژی پێشوو دەبن لە سەرتاسەری وڵاتدا”.

ئاماژە بەوەشكراوە، “ڕۆژی یەك شەممە ئاسمان ساماڵ بۆ نیمچە هەور دەبێت، لە ناوچەكانی ڕۆژئاواشدا لە هەرێمی ناوەڕاست تۆزاوی دەبێت، هاوكات كەشوهەوای ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ڕوون دەبێت تا نیمچە هەور و پلەكانی گەرماش نزیک دەبن لە ڕۆژی پێشوو”.

ڕاشیگەیاندووە، ڕۆژی دوو شەممە ئاسمان لە هەرێمی ناوەڕاست ساماڵ تا نیمچە هەور دەبێت و وردە وردە دەگۆڕێت بۆ تۆزاوی، لە بەشەکانی ڕۆژئاواوە دەستپێدەکات، هاوکات کەشوهەوای ناوچەکانی هەرێمی كوردستان ڕوون تا نیمچە هەور دەبێت و خۆڵ بەرزدەبێتەوە.

بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی، ڕۆژی سێ شەممەی داهاتوو لە هەرێمی ناوەڕاست ئاسمان ڕوون دەبێتەوە، هەروەها پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبنەوە، هاوکات کەشوهەوای هەرێمی كوردستان ڕوون بۆ نیمچە هەور دەبێت.