سەردێر

ڕیاڵ مەدرید بەشوێن جێگرەوەی كاسیمیرۆدا دەگەڕێت

خەڵك-
یانەی ڕیاڵ مەدرید بەشوێن جێگرەوەی كاسیمیرۆ یاریزانی هێڵی ناوەڕاستدا دەگەڕێت كە لەلایەن مانشستەر یونایتدی ئینگلیزییەوە داواكراوە، لەكاتێكدا یاریزانە بەڕازیلییەكە خواستی لە مانەوەیە.

بەپێی ڕۆژنامەی (ئاس)ی وەرزشی، ڕیاڵ مەدرید دەستیكردووە بە گەڕان بەشوێن جێگرەوەى كاسیمیرۆ، لەو حاڵەتەی یاریزانەكەدا بەشێوەیەكی فەرمی لەم هاوینەدا داوای ڕۆیشتن بكات، لە پاش ئەو پێشنیارە گەورەیەی لەلایەن مانشستەر یونایتدەوە بۆی خراوەتەڕوو.

ڕۆژنامەكە دەڵێت، یونایتد كە سەرەتای وەرزی بەشێوەیەكی زۆر خراپ دەستپێكرد، بەو هۆیەی لە یەكەم دوو یاریدا دووچاری دۆڕاندن هات، بۆندێكی بۆ كاسیمیرۆ بۆ ماوەی 5 وەرز خستۆتەڕوو، لەگەڵ زیادكردنی ئەو مووچەیەی ئێستا لە ڕیاڵ مەدرید وەریدەگرێت.

كاسیمیرۆی تەمەن 30 ساڵ، بڕیارێكی ڕوونی لەو بارەیەوە نەداوە كە ڕەنگە دوایین بۆندی گەورە بێت كە لە كاروانی خۆیدا بۆی دەخرێتەڕوو.

هەر بۆیە یانە شاهانەكە چاوی بڕیوەتە برۆنۆ جیماراش یاریزانی بەڕازیلی یانەی نیوكاسڵ یونایتد كە دەبێتە باشترین جێگرەوە بۆ كاسیمیرۆ، لەگەڵ ئەمەشدا جیمارایش لە باپیرییەوە ڕەگەزنامەی ئیسپانی وەرگرتووە.

جیمارایشی تەمەن 24 ساڵ، یەكێكە لە ئەستێرەكانی خولی ئینگلیزی بەهۆی ئاست بەرزییەوە، بۆیە ڕەنگە تەنیا لەڕێی دیاریكردنی بەهاكەیەوە بتوانرێت بۆ لیگا پەلكێش بكرێت.