سەردێر

بەرهەم ساڵح؛ بەردەوامی ئەو دۆخەی ئێستا چیتر قابیلی قبوڵكردن نییە

خەڵك –
سەرۆككۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت ، بەردەوامی ئەو دۆخەی ئێستا چیتر قابیلی قبوڵكردن نییە و پێویستە جیاوازییەكان تێپەڕینین و رێز لە ئیرادە و خواستی خەڵك و دیموكراسی بگیرێت ، دەشڵێت ،”رێزگرتن لە خواستی عێراقییەكان بنەمای سەرەكییە بۆ دەربازبوون لە قەیران و چەقبەستووی سیاسی”.

د.بەرهەم ساڵح ، سەرۆككۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئابی 2022 لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازی كرد لە ژمارەیەك سەرۆك و نوێنەرانی سەندیكاكانی عێراق و لەبارەی بارودۆخی گشتی وڵات و پێشهاتەكان گفتوگۆكرا.

لە دیدارەكەدا سەرۆككۆمار جەختیكردەوە لە پێویستی پشتبەستن بە دیالۆگ و لێكنزیكبوونەوە لە پێناو چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی، لەسەر بنەمای پاراستنی مافی هاووڵاتیان بۆ ژیانێكی باشتر و خۆشگوزەران و دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەكانی سیستمی سیاسی و پارێزگاریكردن لە ئاشتی كۆمەڵایەتی، دانانی نەخشەرێگایەك بەرەو چارەسەركردنی كێشەكان بە ئاراستەی پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان و دڵنیاكردنەوە و هێنانەئاراوەی داوا رەواكانی هاووڵاتیان.

لە تەوەرێكی دیكەدا ئەوەشی خستەروو، كە بەردەوامی ئەو دۆخەی ئێستا چیتر قابیلی قبوڵكردن نییە و پێویستە جیاوازییەكان تێپەڕینین و رێز لە ئیرادە و خواستی خەڵك و دیموكراسی بكیرێت، هەروەها دووپاتیكردەوە رێز گرتن لە خواستی عێراقییەكان بنەمای سەرەكییە بۆ دەربازبوون لە قەیران و چەقبەستووی سیاسی.