سەردێر

بەڕازیل ڕووبەڕووی دوو هەڵبژاردەی عەرەبی دەبێتەوە

پێش مۆندیالە
خەڵك-
ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانی باس لە بەرنامەی هەڵبژاردەی بەڕازیل دەكات كە لە چوارچێوەی خۆئامادەكردن بۆ یارییەكانی مۆندیالی قەتەر 2022، دوو یاریی دۆستانە لەگەڵ دوو هەڵبژاردەی عەرەبی لەخۆدەگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتەكە”سلیساو لە 22ی ئەیلولی داهاتوو بەڕازیل ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی تونس دەبێتەوە كە ئەویش بە هەمان شێوە خۆی بۆ یارییەكانی مۆندیال ئامادە دەكات، دوای پێنج ڕۆژ لەو یارییەش لە 27ی ئەیلول ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی جەزائیر دەبێتەوە”.

پێشبینی دەكرێت هەردوو یارییەكە لە فەرەنسا بكرێن، بەهۆی ئاسانكاریی لە گردبوونەوەی یاریزانەكان، بەو هۆیەی زۆربەیان لەگەڵ یانە ئەوروپاییەكاندا یاریی دەكەن.

پێشتر هەڵبژاردەی جەزائیر بەشێوەی فەرمی لە یارییەكانی جامی جیهانی مەكسیك لە ساڵی 1986 ڕووبەڕووی سلیساو بۆەوە و یارییەكە لە بەرژەوەندی بەرازیل بە گۆڵێكی بێ‌ بەرامبەر كۆتایی هات، لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2007 هەردوو تیپ لە فەرەنسا یارییان كرد و یارییەكەش بە بەردنەوەی بەڕازیل بە دوو گۆڵی بێ‌ بەرامبەر كۆتایی هات.

هەڵبژاردەی تونس تەنیا یەك یاریی لەگەڵ بەڕازیل كردووە كە یارییەكی دۆستانە بوو لە ساڵی 1974 و بە ئەنجامی 4-1 لە بەرژەوەندی بەرازیل كۆتایی هات.