سەردێر

دەنگۆی كاتژمێری سفری هێرشی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوا هەیە

توركیا هێزێكی گەورەی لەسەر سنوورەكان كۆكردووەتەوە

خەڵك-
بەپێی سەرچاوە سەربازییەكان، سوپای توركیا لەدوای هێرشە چڕەكانی ڕۆژی ڕابردووی بۆ سەر كۆبانێ‌ كە هەسەدە و سوپای سوریای كردە ئامانج و كوژرا و و بریندار لێكەوتەوە دەستی بە كۆكردنەوەی هێز و چەكی قورس كردووە.

بەپێی ئەو سەرچاوە سەربازییانە، سوپای توركیا ناوچە سنوورییەكانی باكوری سوریای لە سنووری پارێزگای حەلەب ئاگادار كردووەتەوە كە ئامادەبن بۆ دەستپێكردنی هێرشی نوێ‌.

هاوكات میدیای فەڕمی سوریا بڵاویكردەوە، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا لە ئاسمانی ناوچەكە دەسوڕێنەوە و هێزێكی گەورەی توركیاش لە سنووری نێوان هەردوولا لە پارێزگاكانی حەسەكە و ڕەقە كۆكراوەتەوە.
پەیامنێری كەناڵی ئەلغەد لە ئیستەنبول ڕایگەیاندووە، ئامادەكاری و دەنگوباسی نوێ‌ هەیە بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، بەڵام ناتوانرێت بوترێت كاتژمێری سفر دیاریكراوە، چونكە بەردەوام سەرۆكی توركیا دەڵێت ئێمە لەنیوەشەوێكدا خۆمان دەكەین بە باكووری سوریادا.

لە هێرشەكانی دوێنێی كۆبانێ‌ و ناوچەكانی دیكەدا سێ‌ سەربازی سوریا و منداڵێك كوژران، شەش سەربازی سوریا و ژمارەیەكی دیكەی هاووڵاتی سڤیل بریندار بوون.

فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە لێدوانێكدا بانگەوازی بە پەلەی ئاڕاستەی ڕووسیا و ئەمریكا كرد كە هەرچی زووە كار بكەن بۆ ڕاگرتنی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوا.