سەردێر

ئاستی ئاوی ڕووبارەكان بەشێوەیەكی مەترسیدار دادەبەزێت

شوێنەواری دێرین بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەكانەوە دەركەوتن

خەڵك-

دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەكان لە ئەوروپا ماوەیەكە ناونیشانی هەواڵەكانە، ئەمە بەڵگەی كاریگەری نەرێنی دیاردەی گۆڕانی كەشوهەوایە، بەڵام دوور لە ئەوروپا، لە دڵی خۆرهەڵاتی عەرەب لە سووریا ئاستی ئاوی ڕووباری فوڕات بەجۆرێك دابەزیوە گۆڕستانی كۆن دەركەوتوونەتەوە.

بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكانی سووریا گۆڕستانێكی كۆن دۆزراوەتەوە لە ژێر ڕووباری فوڕاتدا لە ناوچەكانی ڕیفی پارێزگەی ڕەقە.

گەنجێك تۆمارێكی ڤیدیۆیی لە سۆشیال مێدیا بڵاوكردووەتەوە و باسی لەو گۆڕستانە كردووە كە بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووباری فوڕات بۆ 7 مەتر دەركەوتووە.

شارەزایان دەڵێن ئەم دۆزینەوانە بە كردەوە كاریگەری پاشەكشەی ئاستی ئاوی ڕووبارەكان دەردەخات، ئەمە تەنگەژەیەكە بەهۆی وشكەساڵییەوە سەری هەڵداوە لە جیهاندا، بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا.

شارەزای ژینگە رەمەزان حەمزە بۆ سكاینیوز دەڵێت كەمبوونەوەی ئاو لە ڕووباری فوڕات زۆر شوێنەواری لە كەناراوەكان لە عێراق و سووریا دەرخستووە، شوێنەواری دیكەش دەردەكەون لەگەڵ بەردەوامی دابەزینی ئاستی ئاو.

دەشڵێت: دۆڵی ڕافیدەین دەوڵەمەندە بە شوێنەوار، دەگەڕێتەوە بۆ 5 هەزار ساڵ پێش زاین، ئەم دۆزینەوانە بەڵگەی شارستانیەتەكانی كۆنن كە پشتیان بەستووە بە شاردنەوەی مردوو و كەلوپەل و شتەكانیان بۆ پارێزگاری لە لەنێوچوون و دزین لە ڕێگای هەڵكەندنی چاڵی گەورە لە كەناراوی ڕووبارەكان.

ئاماژە بەوەش دەكات ئەم دابەزینی ئاستی ئاوی فوڕات و دیجلە كارەساتێكی ژینگەیی دروست دەكات، ئەمە پێوەندی بە سیاسەتی دەرودراوسێشەوە هەیە، كە ئاو وەك چەكێكی بێ دەنگ دژی عێراق و سووریا بەكاردەهێنن.