سەردێر

راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی: بۆ هەڵبژاردن ئامادەین

خەڵك-

راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، باس لە هەڵوێستی پارتی دەكات لەبارەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و عێراقەوە. ئاماژە بەوەش دەكات، پارتی لەگەڵ هەڵبژاردندایە.

عارف روشدی، راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ مێدیای حیزبەكەی رایگەیاند ”ئومێد دەكەین لایەنەكان بگەنە رێككەوتن و دەبێت رێككەوتن بكرێت، چونكە نەگەیشتن به ‌رێككەوتن، زیانی گەورەی دەبێت و لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكانیشەوە نیشانەی پرسیاری دەكەوێتە سەر، ئەمەش بۆ هەرێمی كوردستان لە ئاستی دەرەوەدا باش نابێت، بۆیە وەك پارتی هەوڵ دەدەین ئەو رێككەوتنە بكرێت و لایەنەكان لە ململانێ دوور بكەونەوە و بگەنە ئەنجامێك كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان تەواو بێت.“

راشیگەیاند ”ئەگەر بۆچوونی پارتی بۆ كوردستان ئاوا بێت، ئەوا سەرۆك بارزانی سەبارەت بە بەغداش لە بۆچوونەكانی خۆی باسی لەوه ‌كردووه كە لایەنە ناكۆكەكانی عێراق بگەنە رێككەوتن و ئەو باردۆخەی عێراق جێگای نیگەرانییە لەلای سەرۆك بارزانی، ئێستاش هەر هاوكارییەك هەبێت سەرۆك دەیكات، بۆ ئەوەی لایەنەكان گرفتەكان تێپەڕێنن.“

راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، راشیگەیاند: ”هەر كاتێك كۆدەنگی لەسەر هەڵبژاردنەكان دروست بوو، پارتی لاریی نابێت و رای خۆی روون و راشكاو راگەیاندووە.“