سەردێر

وتەبێژی حكومەت ڕوونكردنەوە لەسەر دابەشكردنی مووچە دەدات

خەڵك-
وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەغدا شەش مانگ هیچ بڕە پارەیەكی نەنارد، لەمساڵیشدا تەنها 400 ملیار دیناری ناردووە، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێ دواكەوتن لە 7 مانگی رابردوودا مووچەی لەوادەی خۆی دابەشكردووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، “لە ماوەی 7 مانگی رابردوودا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی 5 ترلیۆن و 900 ملیار دیناری بۆ دابینكردنی مووچە تەرخان كردووە، لەبەرامبەردا حكوومەتی فیدراڵی تەنیا بڕی 400 ملیار دیناری ناردووە، لەكاتێكدا بەپێی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، پێویستبوو مانگانە 200 ملیار دینار بنێرێت”.

د.جووتیار عادل، وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، حكوومەتی عێراق پێویستبوو بۆ ئەو 7 مانگە، یەك ترلیۆن و 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، كەچی تەنیا 400 ملیاری ناردووە و یەك ترلیۆن دینارەكەی دیكەی نەناردووە، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ دواكەوتن مووچەی دابەش كردووە و دابەشكردنی مووچەش بەردەوامی دەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشینەی كارەكانی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانە، وتیشی، “بەغدا 5 مانگە هیچ بڕە پارەیەكی نەناردووە، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێ دواكەوتن لەو 7 مانگەدا مووچەی لە وادەی خۆی داوە و بێ گومان ئەوەش لە خەمخۆریی حكوومەتە بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران”.

دەشڵێت: “مانگانە پێویستمان بە زیاتر لە 900 ملیار دینار هەیە بۆ تەرخانكردنی مووچەی مووچەخۆران، لە داهاتی نەوتدا پێشتر مانگانە 350 ملیۆن دۆلاری بۆ دابینكردنی مووچە خەرج دەكرا، بەڵام بەهۆی ئەو چاكسازییانەی بەگشتی لە كەرتی وزەدا كراوە، ئێستا مانگانە 500 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكوومەت، واتا 150 ملیۆن دۆلار زیادی كردووە”.