سەردێر

زانكۆیەكی دیكەش بڕیار لە یەكپۆشی خوێندكاران دەدات

خەڵك-

دوابەدوای بڕیاری جێبەجێكردنی یەكپۆشی خوێندكارانی زانكۆی سەلاحەدین، سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی دھۆك ئاشكرایكرد، ڕاپرسیەك لەبارەی جێبەجێكردنی سیستەمی یەكپۆشی خوێندكاران دەكرێت و دەڵێت: “پێویستە خوێندكار لە ڕووی جلوبەرگەوە ڕێز لە حەرەمی زانكۆ بگرێت”.

د. ئاری عادل، سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، بەمەبەستی بڕیاری جێبەجێكردنی سیستەمی یەكپۆشی ڕاپرسییەك لەبارەی یەكپۆشی ئەنجام دەدەن و دواتر بڕیار لەسەر سیستەمی یەكپۆشی دەدرێت، چونكە بەبێ وەرگرتنی بۆچوونی خوێندكاران ھیچ سیستەمێك ناسەپێنین لەسەر خوێندكاران.

دەشڵێت: “تا ساڵی نوێی خوێندن بەڕێوەنەچێت ڕاپرسییەكە ئەنجام نادرێت، لەبەر ئەوەی دەمانەوێ بۆچوونی خوێندكارانی قۆناغی یەكەمیش وەربگرین و بەبێ ئەوان ڕاپرسی ناكەین، ئەگەر ڕاپرسییەك ئەنجامەكەی ئەرێنی بێت ئەوە یەكپۆشی جێبەجێ دەكرێت، بەپێچەوانەوە جێبەجێی ناكەین، ئەگەریش بۆ ئەمساڵ نەكرا بۆ ساڵی داھاتوو سیستەمی یەكپۆشی جێبەجێ دەكرێت”.

د. ئاری عادل ڕوونیكردەوە: “پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا پلانی ھەبێت لەبارەی سیستەمی یەكپۆشی، چونكە زیاتر لە ١٠٠ ھەزار خوێندكار ھەن و دەبێت بە پلان سیستەمەكە جێبەجێ بكرێت، چونكە مەترسی ھەیە بابەتی یەكپۆشی بە مەستی بازرگانیش بەكار بھێندرێت و ڕوونكردنەوە بدرێت و وەزارەت ئەو بازرگانە دەستنیشان دەكات، كە جل و بەرگ دێنن یان شێوازی دیكە دەگرنەبەر، من خۆم لەگەڵ ئەوەدام خوێندكار ڕێز لە حەرەمی زانكۆ بگرێت لەڕووی جل و بەرگەوە، چونكە ئاھەنگەكانی ناو زانكۆ و دەرەوەی زانكۆ دەبینین جل و بەرگی خویندكار جۆرێكە”.