سەردێر

كۆبوونەوەی بارزانی و عامری دەستیپێكرد

 

خەڵك-

كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و هادی عامری نوێنەری چوارچێوەی هەماهەنگی لە پیرمام دەستیپێكرد.

كەمێك لەمەوبەر بەسەرۆكایەتی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، وەفدێكی چوارچێوەی هەماهەنگی گەیشتە هەولێر.

ئەو سەردانە لەكاتێكدایە، لە ئێستادا دیارترین داواكاری لایەنەكان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە، كە ڕەوتی سەدر داوای دەكات، مەسعود بارزانی پێشتر رایگەیاندبوو بە مەرجی قبوڵكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان پشتیوانی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات.

تا ئێستا دیار نییە هادی عامری بۆ دانوستانی پێكهێنانی حكومەت سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە یاخود دەستپێشخەریەكی پێیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرە، عامری كە بەشێكە لە چوارچێوەی هەماهەنگی دژی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانن بەر لە پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ.

بەر لە هاتنی بۆ هەرێمی كوردستان لەیەكەم وێستگەدا عامری وەكو گەورە دانوستانكاری لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغداد لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان كۆبووەوە.

نەسار روبەیعی ئەمینداری فڕاكسیۆنی سەدر سكاڵای یاسایی تۆماركردووەو داوای هەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان دەكات، لە بەرامبەردا ئەمڕۆ ئەنجومەنی دادوەری عێراق رایگەیاند كە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە دەسەڵاتی ئەودا نییە.