سەردێر

لەبارەی پشووی ڕۆژانی شەممەی پەروەردەوە ڕوونكردنەوە دەدرێت

خەڵك-
وەزیری پەروەردە و وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ڕەتی دەكەنەوە كە گۆڕانكاری بەسەر شێوازی دەوامكردن لە خوێندنگاكاندا هاتبێت و دەڵێن ڕۆژانی شەممە ناكرێت بە پشوو.

ئەمڕۆ یەكشەممە 14/8/2022، د. سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، بە ماڵپەڕی پارتی ڕاگەیاندووە، ئەو زانیارییانەی بڵاوكراونەتەوە، كە گوایە بۆ ئەمساڵی خوێندن رۆژانی شەممە لە قوتابخانەكاندا دەكرێتە پشوو، هیچ بنەمایەكی نییە، ئەگەر شتێكی لەو جۆرە هەبوایە ئەوا لە پەیجی فەرمی وەزارەتی پەروەردە دامان دەنا.

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە وتیشی، دەوامی خوێندنگەكان هاوشێوەی ساڵانی رابردوو دەبێت، هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا نەكراوە، هەروەها نە نیازی گۆڕانكاریمان هەیە و نە دەمانەوێت بیگۆڕین.

هاوكات ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەو بابەتەی بەناوی راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە بڵاو كراوتەوە، دوورە لە راستییەوە، رۆژانی شەممە نەكراوەتە پشوو.