سەردێر

یەكپۆشی زانكۆكان مشتومڕ دەنێتەوە

"لە زانكۆكانی دنیادا سیستمی یەكپۆشی نەماوە، كێبڕكێ لەسەر زانستە نەك پۆشاك"

خەڵك-
لە هەرێمی كوردستان لە چەند رۆژی رابردوودا مشتومڕ لەسەر جێبەجێكردنی سیستمی یەكپۆشی لەنێوەندەكانی خوێندنی باڵا بەتایبەت زانكۆكاندا دروستبووە.

بەشێك لەگەڵیدان بەهۆی كەمكردنەوەی خەرجییەكان و سەرقاڵنەبوونی خوێندكاران بە پۆشاكەوە، بەشێكی دیكەش بەپێچەوانەوە دەڵێن لە زانكۆ پێشكەوتووەكانی جیهاندا یەكپۆشی نییە، لەبری ئەوە گرینگیدان بە پێشخستنی زانستی باشترە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەوڵی جێبەجێكردنی سیستمی یەكپۆشی درا لە ناو زانكۆكانی هەرێمی كوردستاندا و زانكۆی سەڵاحەدین وەك یەكەم زانكۆ بڕیاری جێبەجێكردنی سیستمەكەی دەركرد.

هاوكات زانكۆی سەڵاحەدین بڕیاریدا بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2022-2023 سیستمی یەكپۆشی پەیڕەو بكات.

بەبڕوای شارەزایانی خوێندن و زانست جلوبەرگ كاریگەرییەكی ئەوتۆ ناكاتە سەر پڕۆسەی خوێندن و بەرەو پێشچوونی كۆمەڵگە ئەوەندەی سیستمی حكومڕانی كاری تێدەكات.

لەو بارەیەوە، كامیل عومەر، مامۆستای زانكۆی سلێمانی، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە هەموو دنیادا سیستمی یەكپۆشی بوونی نەماوە، گرفتی ئێمە لە سیستمی خوێندنە، نەك لە بوون و نەبوونی یەكپۆشی.

دەشڵێت، كێشەی دواكەوتنی زانكۆكان لە ڕووی زانستییەوە پەیوەندی بە لایەنی سیاسی و حكومڕانییەوە هەیە، سیستمی حكومڕانی هەرێمی كوردستان وەك جومگەیەكی بنەڕەتی و پێویستی كۆمەڵگە سەیری زانكۆ ناكات.

ئاماژە بە ئەوەشدەكات، ژمارەیەكی زۆری زانكۆمان هەیە، ساڵانە 40 بۆ 50 هەزار دەرچووی زانكۆمان هەیە، پێویستە ئەمانە ڕێكبخرێن و هەلی كار بۆ دەرچووان بدۆزرێتەوە.

بە بڕوای ئەو مامۆستایە، پێویستە زانكۆكان سەربەخۆییان پێبدرێت لەكاركردندا، نەك ببەسترێنەوە بە بڕیاری وەزارەتی دارایی و ڕێنماییەكانی ئەنجومەنی وەزیران و خوێندنی باڵا. هەموو ئەو كێشانەی هەمانە بە سیستمی یەكپۆشی چارەسەر ناكرێن، باشتروایە بیر لە چارەسەركردنی كێشە جەوهەرییەكان بكرێتەوە، كە دنیایەك كێشەی كارگێڕی و زانستیمان هەیە لەناو زانكۆكاندا.

كامیل عومەر ئاماژە بە ئەوەشدەكات، نموونەی سەردەمی لە دنیادا یەكپۆشی نییە و ئەو سیستمە بوونی نەماوە، لە زانكۆكانی دونیادا ئازادی هەیە لە پۆشینی جل و بەرگدا ئەوان لە زانستدا ململانێ‌ دەكەن نەك لە پۆشینی جل و بەرگ.

بەپێچەوانەوە بەشێكی دیكە بۆچوونیان وایە كە یەكپۆشی چارەسەری بەشێك لە گرفتەكان دەكات، بەتایبەت خەرجی بنەماڵەی خوێندكارەكان كە ساڵانە پارەیەكی زۆر لە كڕینی پۆشاكی لە ڕادەبەدەر بۆ خوێندكارەكانیاندا خەرجدەكەن.

دەشڵێن، سیستمی یەكپۆشی سەرقاڵی خوێندكارانیش بە پۆشاكەوە كەمدەكاتەوە، چونكە پێشتر ڕەخنە لەوە گیراوە كە زانكۆكان بوونەتە شوێنی نمایشی جلوبەرگ، خوێندكاران هێندەی بە دوای دەستكەوتنی جلوبەرگی گرانبەهاوە بوون هێندە بەدوای لایەنی زانستییەوە نەبوون.

No description available.