سەردێر

مستەفا هیجری: ئامادەكاری بۆ راگەیاندنی یەكگرتنەوەی دیموكرات دەكرێت

خەڵك-

مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران رایگەیاند ئامادەكاری بۆ راگەیاندنی یەكگرتنەوەی هەردوو لایەنی دیموكرات دەكرێت.

هیجری بۆ دەنگی ئەمریكا راشیگەیاند، هەنگاوەكانی یەكگرتنەوەی حیزبی دیموكرات چوونە پێشێ و ئێستا ئامادەكاری بۆ راگەیاندنی یەكگرتنەوەی هەردوو لایەنی دیموكرات دەكرێت.

راشیگەیاند ناوی حیزبە یەكگرتووەكە، هەر ناوی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەبێت و لۆگۆی هەمان حیزبیش دادەندرێتەوە و دەستەیەكی كاتی رێبەریش لە سەركردایەتی هەردوو حیزب پێكهاتووە تا دوای ساڵێك هەڵبژاردن و كۆنگرە دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد ئەم یەكگرتنەوەیە كاریگەری باشی دەبێت لەسەر رۆژهەڵاتی كوردستان.

لەبارەی ئەگەری گفتوگۆی ئەم حیزبە نوێیە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران هیجری رایگەیاند راستییەكەی ئەم یەككگرتنەوەیە بۆ ئەوە نییە كە گفتووگۆ لەگەڵ كۆماری ئیسلامیدا بكرێت، ئەوان سەلماندوویانە كە گفتووگۆیان ناوێت.