سەردێر

مەترسی كارەساتی ئەتۆمی لە ئۆكراین هەیە

مەترسی گەورە لە سەر ئەوروپا دروست دەكات

خەڵك-

وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە ئۆكراین كە رووسیا داگیریكردووە بووەتە جێگەی مەترسی بۆ روودانی كارەساتێكی ئەتۆمی كە كاریگەری گەورەی لەسەر تەواوی ئەوروپا دەبێت.

تۆڕی CNN بڵاویكردەوە، شارەزایانی نێونەتەوەیی داوایانكردووە سەردانی وێستگەكە بكەن كە لەگەڵ هێرش و بۆردوومان رووبەڕووبوو لە چەند رۆژی رابردوودا.

كیێڤ چەند جارێك هێزەكانی رووسیای تۆمەتبار كرد بە بەكۆگاكردنی چەكی قورس لەنێو وێستگەكەدا و بەكارهێنانی بۆ هێرشەكان.

لای خۆیەوە مۆسكۆ كیێڤ تۆمەتبار دەكات بەهێرشكردن و بە ئامانجگرتنی وێستگە ئەتۆمییەكە، هەردوولایەن یەكدی بۆ هێرشی سەر ئەم وێستگە ئەتۆمییە تۆمەتبار دەكەن.

یەكێك لە كارمەندانی وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا بۆ كەناڵە ئەمریكاییەكە دەڵێت مەترسی گەورەی كارەساتی ئەتۆمی هەیە، ئەوەش خەیاڵ نییە، بەڵكو راستییە.

سەرەڕای ئەوەی رووسیا دەستی بەسەر وێستگەكەدا گرتووە، بەڵام لەلایەن شارەزایان و هونەرییەكانی ئۆكراینەوە بەڕێوەدەبردرێت.

هەردوولایەنی رووسیایی و ئۆكراینی جارێكی دیكە یەكدیان بە بۆردوومانی وێستگەكە تۆمەتباركرد، ئەمەش پاش ماوەیەك لە بانگەوازی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ راگیرانی ئۆپەراسیۆنە لەشكرییەكان لە نزیك وێستگەكە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە راگەیاندراوێكدا رایگەیاند بە داخەوە لە بری كەمكردنەوەی گرژییەكان، لە رۆژانی رابردوودا لەوێ راپۆرتەكان دەڵێن رووداوی نیگەرانكەری دیكە روویانداوە كە رەنگە ببنە هۆكاری درووستكردنی كارەسات لە حاڵی بەردەوامی ئەو بارگرژییانەدا.

داواشیكرد تەواوی هێزە سەربازییەكان، كەرەستە سەربازییەكان لە دەوروپشتی وێستگە ئەتۆمییەكە دووربخرێنەوە.

سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم راڤائایل گرووسی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە كۆبوونەوەی رۆژی پێنج شەممەدا رایگەیاند هێرشەكانی ئەم دواییە بەشێكی وێستگەكەی وێرانكردووە، ئەمە مەترسی بڵاوبوونەوەی تیشكی هەیە، ئەمە كارێكی نارەوایە، دەبێت رێگا بدرێت تیمی شارەزایان بگەن بە شوێنەكە بەشێوەیەكی زۆر خێرا، چونكە رەوشەكە زۆر بە خێرایی پەرە دەستێنێت.

گرووسی دەڵێت: بابەتەكە زۆر مەترسیدارە، پێویستە ئەنجومەنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هەڵبستێت بە ئەركەكانی و سەردانی زاپۆریژیا بكات بە زووترین كات هەرچەند دەكرێت.

كۆمپانیای ئەتۆمی ئۆكراینی كە دەوڵەت بەڕێوەی دەبات هێزەكانی رووسیای تۆمەتبار كرد بە كردنە ئامانجی شوێنی كۆگاكردنی سەرچاوەی تیشك و بۆردوومانكردنی، بۆیە مەترسی گەورە هەیە لەسەر پێوەرەكانی تیشك و پارێزراوی لەسەر ئاگر.

وەزیری نێوخۆی ئۆكراین دینیس موناستیرسكی رایگەیاند بە تەواوی كۆنترۆڵ بەسەر وێستگەكەدا نییە، ئەو پسۆڕانەی ئۆكراین كە لەوێ ماون، رێیان پێنادرێت بە تەواوی بگەن بە شوێنی پێویست كە تێیدا هەبن.

كارمەندێكی وێستگەكە بۆ CNN دەڵێت كارمەندانی ئۆكراینی ناتوانن بگەن بە تەواوی بەشەكانی وێستگەكە.

كاربەدەستێكی رووسی بە ناوی ڤلادیمێر روگۆڤ بۆ ئاژانسی هەواڵی رووسیا 24 رایگەیاند زیانێكی گەورە بەر وێستگەكە كەوتووە بە تایبەت هێڵی گواستنەوەی وزە.

فەرمانڕەوایانی ئۆكراین داوایانكردووە ناوچەیەكی داماڵراو لە چەك لە دەورپشتی وێستگەی زاپۆریژیا دروست بكرێت و هێزە رووسیاییەكان بكشێنەوە كە لەمانگی ئادارە داگیریانكردووە.

لای خۆیەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پشتیوانی دروستكردنی ناوچەی داماڵراوی سەربازی و چەكی لە دەوری وستگەكە كرد و داوای لە رووسیا كرد چالاكییە سەربازییەكان لەنزیك وێستگەی ئەتۆمییەكە رابگرێت.