سەردێر

شارەوانی ژمارە و ناو بۆ گەڕەکە تازەکانی سلێمانی دادەنێت

خەڵک-

شارەوانی سلێمانی لە رێگەی پێکهێنانی لیژنەیەکەوە دەیەوێت ژمارە و ناو بۆ ئەو گەڕەکە تازانە دابنێت کە تازە دروستبوون و تا ئێستا ژمارەو ناویان لێنەدراوە.

لە راگەیەندراوێکدا سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، لە ساڵی (٢٠٠٠ تا ٢٠٠٢)، لەگەڵ هەڵبژاردنی یەكەم ئەنجومەنی نوێی شارەوانی، بە هاوكاری ”پسپۆڕو، كەسایەتی ناوداری سلێمانی و، تێكۆشەران و، نوسەران و شاعیران، مێژوونوسان، هەستان بە ناونان و بە ژمارەكردنی گەڕەك و شەقامەكانی سلێمانی. پرۆسەكە لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٠٠ دەستپێكردو، لیژنەیەكی بۆ پێكهێنرا لە چەند ئەندازیارێك، كە ژمارەی گەڕەكەكان لەو ساڵەدا بریتیبوو لە (٦٨) گەڕەك لەناو سنوری شەقامی (٦٠)م مەلیك مەحمود.

لە راگەیەندراوەکەدا شارەوانی ئاماژە بەوەدەکات کە لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس و لەساڵی (٢٠٠٤)دا بەهۆی دابەشكردنی زەوی و فراوانبونی شارەوە، ژمارەی گەڕەكەكانی سلێمانی بۆ (١٥٧) گەڕەك زیادیكرد، كە هەمووی ژمارەكراوە، وە لە ساڵانی دوایدا ژمارەیەكی زۆر لە گەڕەك و (٥٧) گوند هاتونەتە سەر سنوری شارەوانی سلێمانی.

دەشڵێت:”لە ئێستادا لیژنەیەكی نوێ پێكهێنراوە بۆ ژمارەلێدان و ناونانی ئەو گەڕەكانەی، كە تازە دروستبوون و تا ئێستا ژمارەو ناویان لێنەدراوە و ئەم ناونان و ژمارەلێدانە بە شەقام و گەڕەك و كۆڵان و ماڵەكانی سڵێمانی، خزمەتێكی زۆر گەورەیە، كە بۆ هاووڵاتیان بەرجەستە كراوەو، هەروەها كارئاسانی و بەزوویی گەیشتنە شوێنی مەبەست و دۆزینەوەی شوێنەكانە، كە لە هەموو جیهاندا بەپێی ئەم سیستەمە هاووڵاتیان هاتوچۆ دەكەن و كارئاسانی تەواو دەستەبەردەكات بۆ هەموو لایەك”.

شارەوانی گەڕەكەكانی سنوری شارەوانی ” ناوەند، ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات” بڵاوکردووەتەوە بەمشێوەیەی لای خوارەوە:-

No photo description available.No photo description available.No photo description available.