سەردێر

مەكتەبی سیاسی پارتی ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

خەڵك –
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان داوا لە هەموو لایەنەكان دەكات ھەنگاوی جدی و پێویست و بەپەلە بگرنەبەر بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی بەرھەمدار و سەركەوتوو و داواش دەكات رێككەوتن بكرێت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ڕایگەیاندووە، لە روانگەی ھەستكردن بەوپەڕی بەرپرسیارەتی و لەپێناو بەرژەوەندی وڵاتدا و بۆ پاراستنی عێراق لەو مەترسیانەی كە لەقۆناغی ئێستایدا رووبەڕووی دەبێتەوە ، بۆ باشتركردنی بارودۆخی ئێستای عێراق دەتوانرێت رێككەوتن بكرێت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دوای ئەوەی ھەموو لایەنەكان رێكبكەون.

دەقی راگەیاندراوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان:
سەبارەت بە بارودۆخ و ئاڵۆزیە سیاسییەكانی ئەم دواییەی عێراق پارتی دیموكراتی كوردستان ناڕەزایی و ناڕەحەتی خۆی لەھەمبەر بارودۆخ و تەنگژەی سیاسی ئێستای عێراق دەردەبڕێت. ڕوونە ھەر لە سەرەتای راگەیاندنی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی عێراق، كە لە ئۆكتۆبەری ساڵی 2021 ئەنجامدرا و ئەو دەرھاوێشتە و كێشە و ئاڵۆزی و پێشھاتانەی دوای ھەڵبژاردن بوونە تەگەرەیەك لەھەمبەر دامەزراندنی حكوومەتی تازەی عێراق لەسەر بناغەیەكی دەستووریی باوەڕپێكراو لەسەر بنەمای سیستەمی سیاسیی ئێستای عێراقدا لەئاكامدا وڵات گەیشتە لێواری باردۆخێكی سیاسیی داخراو.

لە روانگەی ھەستكردن بەوپەڕی بەرپرسیارەتی و لەپێناو بەرژەوەندی وڵاتدا و بۆ پاراستنی عێراق لەو مەترسیانەی كە لەقۆناغی ئێستایدا رووبەڕووی دەبێتەوە، داوا لەسەرجەم سەركردە ساسییەكانی سەر گۆڕەپانی عێراق دەكەین لە ئاست بەرپرسیارەتی قۆناغی ئێستادابن و داواش لە ھەموو لایەنەكان دەكەین ھەنگاوی جدی و پێویست و بەپەلە بگرنەبەر بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی بەرھەمدار و سەركەوتوو لەسەر بناغەی پشت بەستن بەبنەماكانی دەستووری عێراق بۆ رزگاركردنی وڵات لەو دۆخە چەقبەستوویەی ئێستایدا.

ھەربۆیەش لەپێناو ئەنجامدانی پڕۆسەی چاكسازی و گۆڕانكاری راستەقینە و باشتركردنی بارودۆخی ئێستای عێراق دەتوانرێت رێككەوتنبكرێت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دوای ئەوەی ھەموو لایەنەكان رێكبكەون و بەڵێنی ئەوەش بدەن، كە بە ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنەكان رازیدەبن وەك خۆی و ئەزموونی ھەڵبژاردنەكانی رابردووی عێراقیش دووبارە نەبێتەوە.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
١٣ـی ئابی ٢٠٢٢