سەردێر

“مامۆستایانی وانەبێژ قوربانی سیستمی دامەزراندنن لە هەرێم”

خەڵك-
دوای چەندین جار داواكاری و خۆپیشاندان، هێشتا چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ یەكلایی نەكراوەتەوە و چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە و ئەنجوومەنی وەزیرانن و مامۆستایەكیش دەڵێت: “لە فەراغی سیستمێكی عادیلانەی دامەزراندندا ئەوان قوربانی ئەم قۆناغەن”.

عوسمان گوڵپی، مامۆستا و چالاكوانی مەدەنی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، مامۆستایانی وانەبێژ، دوای چەندین ساڵ خوێندن و ماندوبوون و دەرچوون لە زانكۆ، ڕازین بەوەی لە سوچێكی ئەم هەرێمەدا خزمەت بكەن و وانە بڵێنەوە، ئەمەش لە فەراغی سیستمێكی عادیلانەی دامەزراندندا ئەوان قوربانی ئەم قۆناغەن.

وتیشی، “مامۆستایانی وانەبێژ، زۆرترینیان ڕێگایەكی دوور دەبڕن و كرێی هاتووچۆ مووچەكەیان لێ دەكاتە نیوە، لە كاتێكدا هەر لە بنەمادا ئەوەی وەریدەگرن نە لەئاست توانای ئەواندایە و نە لە ئاست ماندوبوون و بڕینی ڕیگاكە، بەڵام دۆخی دارایی و ژیانی بێ كاری وایكردوە ئەمەش بەكار ناوبهێنرێت لە كاتێكدا لە سیستمی ئابوریدا بە بێكاری ژێر پەردە ناو دەهێنرێت، تەنها بە ئامانجی ئەوەی ڕۆژێك ئەم مامۆستایانە ببنە هەمیشەیی”.

جەختیشی كردەوە، ئەم قۆناغە لە پەروەردەدا دەبێت ناو بنرێت قۆناغی ستەم لە مامۆستایانی وانەبێژ، ستەمێك كە مەگەر هەر ئەوانەی لە ناوەندەكانی خوێندندان هەستی پێ بكەن، لە كاتێكدا مامۆستایانی وانەبێژ زیاتر لە من وانە دەڵێنەوە و زیاتر لە منی میلاكیش ماندووترن.

ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەشكرد، مامۆستایانی وانەبێژ تاقەیەكی گەنجانەی جوانن لە ناوەندەكانی خوێندندا، كە دەكرێت سیستمی پەروەردە زۆر سودیان لێ ببینێت، ئەوان ئەركی خۆیان زۆر زیاتر جێبەجێ دەكەن، بەڵام لە بەرامبەردا مافێكی كەم وەردەگرن، بۆیە دەبێت وەزارەتی پەروەردە و حكومەتی هەرێم پرسی مامۆستایانی وانەبێژ و پەروەردە لە ناوەندەكانی خوێندندا بكاتە پرسێكی جدی و چارەسەری جدی بۆ دابنێت.