سەردێر

سووپای میللی چین، گەورەترین سووپای جیهان

سووپایەكی حیزبییە نەك حكومیی

خەڵك-

سووپای رزگاریخوازی میللی چین، سووپایەك گەورەترینە لە جیهاندا و لە پێنج یەكەی سەرەكی پێكدێت.

ئێستا هەموو چاوەكان لەسەر سووپای چینین كە مانۆڕی چڕی سەربازی لە سنوورەكانی تایوان دەستپێكردووە و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ هەیە.

سووپای رزگاریخوازی میللی چین سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ راپەڕینەكەی نانچانگی شیوعییەكان دژی نەتەوەییەكان لە ساڵی 1927 و بە سووپای سوور ناسرابوو لە ژێر فەرماندەیی ماوتسی تۆنگ و پێكهاتبوو لە 5 هەزار سەرباز لە ساڵی 1929 و دوایی بوو بە 200 هەزار سەرباز لە ساڵی 1933.

لە ئەنجامی كۆمەڵكوژییەك كە شیوعییەكان رووبەڕووی بوونەوە بەشێكی كەمی ئەم هێزە رزگاری بوو، بەڵام دوایی جارێكی دیكە سووپای سوور خۆی بنیاتنایەوە.

سووپای سوور لە كۆتایی جەنگی دووهەمی جیهان تووشی شكستێكی دیكە بوو، دوایی بەناوی سووپای رزگاریخوازی میللی بنیاتنرایەوە و دوایی كۆماری میللی چین لە 1949.

بەپێی یاسای كۆماری چین، سەركردایەتی پارتی كۆمۆنیستی چین لە رێگای لیژنەی سەربازی نێوەندییەوە كە سەرۆكی چین سەرۆكایەتی دەكات، فەرمانداری سووپا و هێزە چەكدارەكان دەكرێت.

ئەم سووپایە، سووپایەكی نیشتمانی نییە، واتا سووپایەكی سیاسی یان بەشێكی پارتی كۆمۆنیستی چینە، واتا لایەنگری بۆ دەستوور و دەوڵەت نییە، بەڵكو بۆ حیزبەكەیەتی.

ئەم سووپایە پێكدێت لە دوو ملیۆن و 35 هەزار سەربازی ئامادە و 510 هەزار سەربازی یەدەگ و بە گەورەترین سووپای جیهان دادەندرێت، لە ڕووی هێزیشەوە بە دووهەم دادەندرێت بەپێی ماڵپەڕی Global Fire Power.

بودجەی سووپای چین بۆ ساڵی 2022 بریتی بوو لە 230 ملیار دۆلار بە زیادەی 7% بەراورد بە ساڵی رابردوودا، كە گەورەترین بودجەی سەربازی لە جیهاندا لە دوای ئەمریكا بەپێی راپۆرتی هەواڵدەری رۆیتەرز لە مانگی ئاداری رابردوودا.

سووپاكە لە 5 یەكەی سەرەكی پێكدێت، بەشی پیادەكەی 975 هەزار سەربازە.

هێزی دەریایی 300 هەزار سەربازە و لەسێ بەش پێكدێت بەشی دەریای باكوور بارەگاكەی لە چینگداوە، بەشی دەریای خۆرهەڵات بارەگاكەی لە نینگبە، دەریای باشوور بارەگاكەی لە چانگیانگە و خاوەنی 777 كەشتی و یەختە، لەنێویاندا كەشتی فڕۆكەهەڵگر هەیە، كەشتی هێلیكۆپتەر هەڵگر، 79 ژێردەریایی، 41 كەشتی تێكشكێنەر.

هێزی ئاسمانی بریتیە لە 395 هەزار كەس و لە جیهاندا سێهەمە بە بوونی سێ هەزار و 285 فڕۆكە، كە 1200 لەوان فڕۆكەی شەڕكەرن.

هێزی مووشەكی: ئەم هێزە 120 هەزار كەسە، شەش یەكەیە و خاوەنی 100 بۆ 400 مووشەكی هەڵگری كڵاوەی ناوەكییە.

هێزی پشتیوانی ستراتیژی لە 2015 پێكهاتووە و ژمارەكەی كەسەكانی 175 هەزار كەسە.