سەردێر

سۆماڵ لە برسا دەمرێت

تەندروستی جیهانی: 37 ملیۆن كەس ژیانیان لە مەترسیدایە

خەڵك-

سۆماڵ، وڵاتێكی هەژاری بێ دەرەتان رووبەڕوو لەگەڵ جەنگ و شەڕ و توندڕۆیی ئاینی و دەستوەردانی دەرەكی و كاریگەرییەكانی پەتای كۆرۆنا و جەنگی ئۆكراین، دواتریش وشكەساڵی و برسێتییەكی بێ وێنە رووی لەم دەوڵەتەی كیشوەری رەش كردووە، هۆشداری بەپەلە دەدرێت لە مردنی هەزاران كەس.

شەپۆلێكی تووندی وشكەساڵی رووی لە سۆماڵ كردووە، سەدان هەزار كەس مەترسی مردنیان لەسەرە و لە دێیەكانیان كۆچ دەكەن بۆ گەڕان بە دوای ئاو و خواردندا.

حەسەن شێخ مەحموود سەرۆكی سۆماڵ بانگەوازێكی بەپەلەی بڵاوكردەوە دەڵێت رەوشی مرۆیی لە وڵاتەكەی لە مەترسیدایە.

شێخ مەحموود دەڵێت رەوشەكە رۆژ دوای رۆژ خراپ دەبێت، وەك هۆشداریمان دابوو برسێتی دەستیپێكردووە، خەڵك لە برساندا دەمرن لە هەندێك هەرێم، پێویستە كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەپەلە هاوكاری بگەیەنێت پێش خراپتربوونی رەوشەكە.

ملیۆنان سۆماڵی رووبەڕووی مەترسی برسێتی بوونەوە لە توندترین وەرزی وشكەساڵیدا، بەتەنها سۆماڵیش نا، دراوسێكانی رەوشیان لەئەو باشتر نییە.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، ناوچەی ئەفریقا رووبەڕووی خراپترین شەپۆلی برسێتی دەبێتەوە لە ماوەی 7 ساڵی رابردوودا، 37 ملیۆن كەس لەگەڵ مەترسی برسێتی رووبەڕوون.