سەردێر

مامۆستا زارا محەمەدی چووەوە زیندان

خەڵك-

زارا محەممەدی مامۆستای زمانی كوردی و بەرپرسی ئەنجوومەنی فەرهەنگی كۆمەڵایەتی نۆژین كە ماوەیەك پێشتر دوای ٦ مانگ بە مەبەستی چاوپێكەوتنی باوكی لە نەخۆشخانە بۆ یەكەمجار مافی چوونە دەرەوەی لە زیندان پیدرابوو، دوێنێ دوای چواردە رۆژ لە كۆچی دوایی باوكی بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندكرانەكەی خۆی بە بەندیخانەی سنە ناساندەوە.

زارا محەممەدی دوای ئەوەی باوكی لە نەخۆشخانە لە بەشی چاودێریی چڕدا ڕاگیرابوو، بە مەبەستی چاوپێكەوتنی باوكی مۆڵەتی ١٠ ڕۆژی پێدرا و بە هۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستی و دوای كۆچی دوایی باوكی، ئەو مۆڵەتە سێ جار درێژكرایەوە و دواجار دوای ٤٠ ڕۆژ و لەكاتێكدا چواردە رۆژ دوای كۆچی دوایی باوكی تێپەڕی، گەڕایەوە بەندیخانە.

زارا محەممەدی مامۆستای زمانی كوردی و بەرپرسی ئەنجوومەنی فەرهەنگی كۆمەڵایەتی نۆژین بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٥ ساڵ بەندكرانەكەی بانگی ناوەندی جێبەجێكردنی سزاكانی سنە كرا و لەوێ دەستبەسەر كرا.

ئەم مامۆستایەی زمانی كوردی لە لایەن دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی پێكهێنانی گرووپ و دەستە دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، سزای ١٠ ساڵ بەندكرانی بەسەردا سەپابوو. ئەم سزایە بۆ ٥ ساڵ بەندكران كەم كرایەوە.