سەردێر

هەوایەكی فێنك هەرێم دەگرێتەوە و گەرما كۆتایی دێت

خەڵك-
بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، چلەی هاوین بەرەو كۆتایی دەڕوات و بارستە هەوایەكی فێنك هەرێم دەگرێتەوە و ئەو گەرما پڕوكێنەرەی زیاتر لە هەفتەیەكە ناوچەكەی گرتۆتەوە كۆتایی دێت.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە كاتەكانی سبەی یەك شەممە 7-8-2022 بەدواوە ناوچەكانمان دەكەوێتەوە ژێر كاریگەری بارستە ھەوایەكی فێنك، كە بەسەر دەریای ناوەڕاستەوە دەگاتە ناوچەكە و سەرەتا كاریگەری لەسەر ناوچەكانی ڕۆژئاوای ھەرێم ئەبێت بە نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما بەڕێژەی ٢ پلە و لەناوچەكانی دیكەی ھەرێمدا بەگشتی ١ پلە گەرما نزمدەبنەوە.

ڕاشیگەیاند، ھەر لە ئەنجامی كاریگەری ئەو بارستە ھەوایەوە سبەی لە كاتەكانی ئێوارە و شەودا بەھۆی زیادبوونی خێرایی با لەناوچە سنوریەكانی نێوان ڕۆژئاوای عێراق و سوریا ئەگەری ھاتنی شەپۆلێكی خۆڵبارین بەرەو ناوچەكانمان ئەبێت بەڕێژەیەكی مامناوەند و بە ڕێژەیەكی نیمچە چریش لەسەر ناوچەكانی سنوری پارێزگای كەركوك و سەنتەری پارێزگای ھەولێر كاریگەری ئەبێت.

وتیشی، “بەگشتی لەنیوەرۆی ڕۆژی دوو شەممەدا 8-8-2022 كاریگەری كەم دەبێتەوە و بەڕێژەیەكی كەم تا بەرەبەیانی ڕۆژی سێ شەمە 9-8-2022 تۆز و خۆڵ لەھەوادا ئەمێێتەوە و دواتر كۆتایی دێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، كاریگەری ئەم بارستە ھەوا فێنكە لە ڕۆژی دوو شەممەوە 8-8-2022 بەتەواوی دەگاتە سەر ناوچەكانمان و پلەكانی گەرما نزمبوونەوەی زیاتری بەسەردا دێت تا ڕۆژی ھەینی 12-8-2022 كاریگەریەكانی بەردەوامی ئەبێت و ئەم مەودایە بەگشتی تێكڕای پلەكانی گەرما لە ئاستی ئاسایی ساڵانەی خۆیدا ئەبێت.